لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق: کورتهێنانێکی گەورە لە بودجەدا هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە شوێنێک پەسند و لە شوێنێکی دیکە رەتدەکرێتەوە، ئەمە دۆخی پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵییە لەنێوان فراکسیۆنە سیاسییەکاندا. ناکۆکییەکان لەسەر هەندێک بڕگە و مادەکانی پڕۆژەکە بەردەوامە، لەوانەش حکومەتی فیدراڵی نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی بە 70 دۆلار دیاریکردووە، ئەمە لە گرنگترین مادەکانی داهاتی بودجەیە و بە تێکڕا رۆژانە عێراق 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات بە 400 هەزار بەرمیلەکەی هەرێمی کوردستانیشەوە.
 
عالیە نسەیف، پەرلەمانتار دەڵێت، "تائێستا ناکۆکی لەسەر بودجە هەیە، خاڵی ناکۆک هەن، لە رۆژانی کەمی داهاتوودا کۆبوونەوەی چڕ دەکرێن بە مەبەستی چارەسەرکردنی هەندێک لەو خاڵانەی کە جێگەی ناکۆکین، لەوانە کورتهێنان، جا ئەمە بە پلان یان راستەقینە بێت بۆ هەر سێ ساڵەکە و هەروەها بابەتی سەقامگیریی نرخی نەوت-یش. پێموایە تایبەتمەندییەکی زۆر باشی ئەو بودجە ئەوەیە رزگارمان دەکات لە خەرجی لەسەر بنەمای 1/12 و دنەدانی سیاسی و پەسندنەکردنی ساڵانەی بودجە کە شەش مانگ درێژە دەکێشێت و زۆربەی پرۆژەکان رادەگیرێن، پێموایە ئەمە جۆرێک لە سەقامگیری دەداتە پرۆژەکان."
 
75%ی بودجەکە خەرجیی بەکاربردنە، کە گەورەترین پشکی خەرجییە و دەگاتە سەرووی 133 تریلیۆن دینار، کورتهێنانی بودجەش دەگاتە نزیکەی 64 تریلیۆن دینار. هەر ئەمەش وایکردووە هەندێک پەرلەمانتار ئەمە بە شۆک و مەترسی بزانن بۆ سەر ئایندەی سیاسەتی دارایی لە عێراقدا.
 
ماجد شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "کورتهێنانێکی گەورە لە بودجەدا هەیە بە نزیکەی 64 تریلیۆن دینار دەخەمڵێندرێت، لەگەڵ ئەوەی هەندێکی ناڕاستەقینەیە، لەوانەش 23 تریلیۆن دینار هەیە خولاوە و پارەکە هاموشۆ دەکات، بەڵام ئەگەر کورتهێنانەکە 41 تریلیۆن دیناریش بێت، هەر بەرزە. لەگەڵ ئەوەی بۆ ئەمساڵ زۆر بەرز نییە، چونکە ئەمساڵ شەش مانگ دەمێنێتەوە، بەڵام بۆ دوو ساڵی داهاتوو ئەگەر بودجەی سێ ساڵی پەسند بکرێت، ئەوا کورتهێنان 64 تریلیۆن دینارە، ئەمەش بڕێکی زۆر گەورەیە."
 
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا 16%ی کۆی داهاتی نەوتی عێراق پێکدەهێنێت، بە گوتەی پەرلەمانتاران و پسپۆڕان، ئەم رێژەیە کاریگەریی لەسەر بودجەی فیدراڵی دەبێت.
 
وێڕای هەموو ناکۆکی و مەترسییەکان، بەڵام پەرلەمانتاران پێیانوایە مانگی ئایاری داهاتوو پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی پەسند دەکرێت.