دوو رۆژە پۆلیسێکی نەینەوا بێسەروشوێنە
رووداو دیجیتاڵ
ماوەی دوو رۆژ دەبێت پۆلیسێک کە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا دەوامی دەکرد دیار نەماوە و هەموو هۆکارەکانی پەیوەندیکردن لەگەڵیدا پچڕاوە، کەسێکی نزیکی دەڵێت، پۆلیسەکە لە دەوام گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە و لە شارۆچکەی حەمام عەلیل ون بووە.
لە کاژێر 11ـی بەیانیی رۆژی 16ـی ئەم مانگەوە پۆلیسێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی نەینەوا بەناوی ئەحمەد خزەیر عسفور دیار نەماوە و تائێستا چارەنووسی نادیارە.
عەلی بەندەر، کەسێکی نزیکی ئەو پۆلیسە رۆژی سێشەممە، 18-4-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەحمەد رۆژی 16ـی ئەم مانگە دوای تەواوبوونی دەوامەکەی لە موسڵەوە بەڕێکەوتووە بۆ ماڵەکەی لە حەمام عەلیل، بەڵام نەگەیشتووەتە ماڵەکەی و مۆبایلەشی داخراوە، لەو کاتەوە هیچ سۆراخێکی نییە."
کەسە نزیکەکەی عەلی بەندەر رەتیکردەوە بەندەر کێشەی لەگەڵ کەسدا هەبێت و گوتی: "ماوەی چەند ساڵێکە لە پۆلیسی نەینەوا دەوام دەکات و کەسێکی بێ کێشە بووە."
حەمام عەلیل یەکێکە لە شارۆچکەکانی پارێزگای نەینەوا، 27 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری مووسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەواوە دوورە.