موقتەدا سەدر: لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی تورکیا بێدەنگ نابین
رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر راگەیێندراوێکی لەبارەی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی سوپای تورکیا بۆسەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هێرشەکان بێپاساون". سەدر سەرەڕای داوای پەیوەندیی دراوسێیەتی باش، هۆشداری دەدات و دەڵێت "مامەڵەکانمان لەگەڵ دراوسێکانمان لەڕووی ئەمنی و دیپلۆماسییەوە هاوشێوە دەبن."
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر لە راگەیێندراوەکەیدا کە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 19ـی نیسانی 2022، بڵاویکردەوە دەڵێت، "تورکیای دراوسێ بەبێ پاساو بۆردوومانی خاکی عێراق دەکات و ئەو مافەشی نییە."
سوپای تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، کە "مەترسی تیرۆر" لەسەر وڵاتەکەیان ناهێڵن، کە مەبەستی بوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکەیە لەو ناوچانە، بەڵام سەدر دەڵێت، "ئەگەر مەترسییەک هەبێت لەنێو خاکی عێراقەوە بۆسەر تورکیا، دەبێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق کۆتایی پێبهێنرێت، هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش توانای کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانیان هەیە."
هەرچەندە سەرۆککۆماری تورکیا و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە جەخت لە بەردەوامیی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەکەنەوە، بەڵام سەدر نووسیویەتی، "ئەگەر هێرشەکانی تورکیا دووبارە ببنەوە بێدەنگ نابین، عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی تەواوە و قبووڵی ناکات ئاسایشەکەی ناسەقامگیر بکرێت، هەروەک چۆن قبووڵ ناکەین لە خاکی عێراقەوە دەستدرێژی بکرێتە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێی برا و دۆست."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا سەدر دەڵێت، "پەیوەندییە هاوبەش و هاوسەنگەکانمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ بەهێز دەکەین، مامەڵەشمان لەڕووی دیپلۆماسی و ئەمنییەوە هاوشێوە دەبێت."