وەزارەتی دەرەوەی عێراق: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا بە توندی سەرکۆنە دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی هێزەکانی تورکیا و بۆردوومانکردنی خاکی عێراق "بە توندی سەرکۆنە دەکەین."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی ئۆپەراسیۆنی نوێی تورکیا لە باشووری کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، "حکومەتی عێراق ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی هێزەکانی تورکیا و بۆردوومانکردنی خاکی عێراق لە ناوچەکانی مەتین، زاپ و ئاڤاشین لە باکووری عێراق، لە رێگەی هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بە توندی سەرکۆنە دەکەین."
ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات رێکدەخات."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق راشیدەگەیێنێت، "عێراق رەتیدەکاتەوە خاکەکەی ببێتە مەیدانێک بۆ ململانێ و یەکلاکردنەوەی کێشە دەرەکییەکان."
رۆژی دووشەممە 18ـی نیسانی 2022، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە رێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە ئۆپەراسیۆنەکەی لە ناوچەکانی مەتین، زاپ و ئاڤەشینیان لە باشووری کوردستان دەستیپێکردووە.
وەزیری بەرگریی تورکیا گوتیشی، ئۆپەراسیۆنەکەیان وەک ئەوەی پلانی بۆ دانراوە بەڕێوەدەچێت و ئەو ئامانجەی لە قۆناخی یەکەمدا دیاریکرابوو، بەدەستهاتووە.
بەپێی ئاماری بەرپرسانی ئیداریی سنووری پارێزگای دهۆک کە بۆ رووداو قسەیان کردووە، لە ساڵی 1991 تاوەکو ساڵی 2022 لە سنووری پارێزگاکە 380 گوند بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە چۆڵکراون.
هەروەها لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە 34 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 15ـی دیکەش برینداربوون.
ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە کە باڵی سەربازی پەکەکەیە، رۆژی دووشەممە 18ـی نیسانی 2022 راگەیێندراوێکی نوێی لەبارەی هێرشەکانی سوپای تورکیای بۆ ناوچەکانی مەتین، زاپ و ئاڤاشین لە باشووری کوردستان بڵاوکردەوە. هەپەگە ئاماژە بەوە دەکات، لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر هێزی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ئاڤاشین و زاپ 28 سەربازی تورکیا کوژراون و نۆی دیکەش بریندارن. هەروەها دوو هەلیکۆپتەریشیان پێکاوە.