مەشعان جبووری بۆ رووداو: بەسەر ئێرانی و ئەمریکییەکان سەردەکەوین

18-04-2016
هێڤیدار ئەحمەد
مەشعان جبووری : ئەگەر ئەمریکا و ئێران رای خۆیان بەسەر پەرلەمانی عێراق بسەپێنن، ئەوا من دەست لەکاردەکێشمەوە
مەشعان جبووری : ئەگەر ئەمریکا و ئێران رای خۆیان بەسەر پەرلەمانی عێراق بسەپێنن، ئەوا من دەست لەکاردەکێشمەوە
نیشانەکردن مەشعان جبووری
A+ A-
رووداو - بەغدا 

مەشعان جبووری یەکێکە لە پەرلەمانتارە مانگرتووەکانی پەرلەمانی عێراق و دووپاتی دەکاتەوە کە ئەوان سوورن لەسەر لەکارلادانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و دەڵێ: بەسەر ئێرانی و ئەمریکییەکان سەردەکەوین.

پەرلەمانتارە مانگرتووەکەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە رووداو دەڵێ "ئێمە لەگەڵ ئەوەدانین دابەشکردن و پارچەپارچەبوون رووبدات، باوەڕمان وایە دەبێت هەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆبوونەوەیەک بکەن".

سەبارەت بە فشارەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ شکستهێنان بە هەوڵی پەرلەمانتارانی مانگرتوو، جبووری دەڵێت "زانیاری ئەوەمان هەیە دەڵێن: ئەمریکا و ئێرانییەکان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی شکست بە بڕیاری ئێمە بهێنن و پشتیوانی لە سەلیم جبووری دەکەن. منیش لە رێگەی رووداوەوە بە عێراقییەکان دەڵێم: بەسەر ئەمریکا و ئیرانییەکان سەردەکەوین، ئەمریکا و وەزیری بەرگرییەکەیان و فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا و باڵیۆزی ئەمریکا و هیچ بوونەوەرێک ناتوانن بڕیاری پەرلەمان رەتبکەنەوە، ئێمە رێز لە دەستوور دەگرین، تەنیا رێگەیەک هەیە بۆ رەتکردنەوەی بڕیار، ئەویش دادگای فیدراڵییە".

گوتەکانی مەشعان جبووری لەکاتێکدان رۆژی دووشەممە 18-4-2016 ئاشتن کارتەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا بە سەردانیکی لەناکاو گەیشتە بەغدا.

ئەو پەرلەمانتارە مانگرتووەی پەرلەمانی عێراق باس لە پێدانی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە کورد دەکات و دەڵێ  "هیوادارم گەلی کورد ئەو هەڵوێستەیان نەبێت (دژی لەسەرکارلادانی سەرۆکایەتی پەرلەمان نەبن)، چونکە ئێمە تاڤگە دەهێنین و دەیکەینە جێگری سەرۆکی پەرلەمان".

تاڤگە ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، دوای ئەوە چووە نێو پەرلەمانتارانی مانگرتوو، پەرلەمانتارە مانگرتووەکان پێشنیازیان کرد ئەو ببێتە جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە دوای لەسەرکارلادانی ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و، فراکسیۆنی گۆڕانیش لەسەر ئەو هەڵوێستەی تاڤگە ئەحمەدی لە فراکسیۆنەکەی دوورخستەوە.

بە مەرجێک دەست لەکاردەکێشێتەوە

مەشعان جبووری، پەرلەمانتاری مانگرتووی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات " ئەگەر ئەمریکا و ئێران رای خۆیان بەسەر پەرلەمانی عێراق بسەپێنن، ئەوا من دەست لەکاردەکێشمەوە و کاری سیاسیش ناکەمەوە".

باس لەوەش دەکات " ئێمە بەردەوام دەبین لە لەکارلادانی سەرۆکایەتی پەرلەمان جا کورد قبوڵ بکات یان نا، بەڵام لەبەرئەوەی ئەم پەرلەمانە پەرلەمانیکی فیدراڵییە قبوڵ ناکەین سەرۆکایەتییەک بۆ پەرلەمان هەڵببژێرین بەبێ بەشداریکردنی کورد".

"لە ژیانمدا لایەنگری حیزبی بەعس نەبووم "

سەبارەت بەوەی "بەلای کورد، مەشعان جبووری کەسێکی بەعسییەو ناتوانن لەگەڵی هاوڕابن"، مشعان جبووری دەڵێ "من لە ژیانمدا لایەنگری حیزبی بەعس نەبوومە، هیچ پۆستێکیشم لە دەوڵەتی بەعس وەرنەگرتووە، لایەکی دیکەوە خۆشحاڵم بەو پەیوەندیە برایەتی و هاوڕێیەتییەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی لە 1991وە هەمە، ئەگەر بەعسی بم وەک دەڵێن، هاوڕێی سەرۆک بارزانی نەدەبووم، ئەو قسانە چەند کەسێکی شکستخواردوو دەیکەن".

دوای مۆڵەتەکەی موقتەدا سەدر چی روودەدات؟

سەبارەت بەو مۆڵەتەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدری داویەتی بۆ پێکهێنانی حکومەت، کە 72 کاژێر بوو، ئەمشەو ماوەکە تەواو دەبێت، جبووری دەڵێ " چەند سیناریۆیەکتان دوور لە سۆز دەخەمەڕوو: ئەگەر ئەمڕۆ یان سبەی دانیشتنی پەرلەمان کرا، لەو دانیشتنە سەرۆکێکی کاتی هەڵدەبژێردرێت، ئەنجوومەن سەرۆکێکی کاتی دیاری دەکات، ئەگەر پێکهاتەی کورد یان هەر کۆمەڵەیەکی دیکە ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون، رەنگە مۆڵەتێک بدرێت تاوەکو دێن، ئەگەر نەهاتن، هەڵبژاردنی خۆمان دەکەین و دانیشتنێک بە سەرۆکایەتی سەرۆکی نوێی کاتی پەرلەمانەوە دەکەین".

 دەشڵێ "داوا لە حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیران دەکەین کابینە وەزارییەکەی لە سەربەخۆکان پێشکەش بکات، سەربەخۆکان نەک ئەوانەی بە رێککەوتنی سیاسی دیاریکراون، ئەگەر حکومەتی حەیدەر عەبادی سەرکەوت و، زۆرینەی دەنگی پەرلەمانی بەدەستهێنا، ئەوا هەلێک بە حەیدەر عەبادی و حکومەتە نوێیەکەی دەدەین بۆ ئیدارەدانی وڵات بۆ چەند مانگێک، ئەگەر ئەو وەزیرانەی دەستنیشان دەکرێن لایەنگری حیزبەکان نەبن و لەلایەن حیزبەکانەوە پشتیوانیان لێنەکرێت، ئەمە ئەوە دەگەیێنێت کەس نییە کۆنترۆڵیان بکات یان، بیانپارێزێت لە سزادانیان لە پەرلەمان".

مەشعان جبووری، جەختیش دەکاتەوە لەوەی "ئەگەر ئەو حکومەتەی حەیدەر عەبادی پێشەکەشی پەرلەمانی دەکات نەیتوانی تێپەڕێ، ئەوا ئەو حکومەتە و حەیدەر عەبادیش دەبێت بڕۆن".  

سەرۆککۆمار دەگۆڕین

پەرلەمانتارە مانگرتووەکەی پەرلەمانی عێراق ئەوە دەخاتەڕوو "رێز لە دەستوور دەگرین.. سەرۆککۆمار دەگۆڕین و سەرۆککۆمارێکی دیکەی کورد دێنین، چونکە ئەو واژۆی لەسەر بەشداری دەسەڵات کردووە و، ئەو سەرپێچی دەستووری کردووە، کاتێک لەگەڵ حیزبەکان واژۆی لەسەر رێککەوتنی دابەشکردنی دەسەڵات کرد و لەبەرچاوی خۆی واژۆ لەسەر کۆنترۆڵی وەزارەتەکان و دامەزراندی دەستەی سەربەخۆکان کرا، ئەمەش سەرپێچییەکی روونە بەرامبەر دەستوور، کە بەسە بۆ لەسەرکارلادانی".   

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە