رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی نوجەبا، کە گرووپێکی سەر بە مقاوەمەی ئیسلامییە لە عێراق، سەرکۆنەی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە دەکات. بزووتنەوەکە کە بە مەرجی راگەیاندنی ئاگربەست هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل راگرتبوو، باسی لە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان نەکردووە.
لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، بزووتنەوەى نوجەبای عێراقی رایگەیاندووە، "ئوممەتی عەرەبی بەگشتی و عەرەب بەتایبەتی، دەبێت هەڵوێستی یەکلاکەرەوەیان هەبێت، چونکە قۆناخەکە مەترسیدارە. لەدوای ئەمەوە هیچ بێلایەنییەک قبووڵکراو نییە."
بزووتنەوە عێراقییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "راگەیاندنەوەی تاوانکارییەکانی زایۆنیستی، بە پشتیوانیی راستەوخۆی ئەمریکای خراپەکار، بۆ شەڕی کۆمەڵکوژیی غەززە، تاوان، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، برسیکردن، کوشتنی منداڵان و خەڵکی مەدەنی؛ هیچ نییە جگە لە وێنەیەکی روونی ناشرینی تاوانکاری و بێبایەخ کردنی هەموو بەها و رەوشتەکانی مرۆڤ."
نوجەبا داوای هەڵوێست بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، "شەرمەزارییە بۆ ئوممەت کە شەرەفی ئەتک دەکرێت و کەرامەتی لەدەست داوە لە فەلەستین، کەچی بوەستێت و تەماشا بکات."
بە بڕوای بزووتنەوەکە، هەندێک لایەن هەن کە یارمەتیی ئیسرائیل دەدەن دژی گەل و ئایینەکەیان، "هەندێکیان بە نهێنی پشتگیرییان دەکەن و هەندێکیش بەرەی لاوەکی دەکەنەوە کە خزمەت بە زایۆنییەکان دەکات بۆ کۆمەڵکوژی."
بزووتنەوەی نوجەبا رایگەیاندووە، "خۆڕاگریی ئەفسانەیی غەززە ناشکێت، دەرگای دۆزەخ لە دنیا و رۆژی دواییشدا بۆ زایۆنییەکان دەکرێتەوە، بۆ ئەو کەسانەش کە پشتگیرییان دەکەن و سەریاندەخەن یانیش رازین بە کارەکانیان."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پێچەوانەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ حەماس کردبووی، ئیسرائیل کۆتایی بە ئاگربەست هێنا و هێرشی ئاسمانیی بەرفراوانی کردە سەر کەرتی غەززە، کە بەپێی دوایین ئامارەکانی تەندروستیی کەرتی غەززە، لەو هێرشەدا 440 کەس کوژراون و 500ی دیکەش بریندار بوون.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، کە لە ژمارەیەک گرووپی چەکداری شیعە پێکدێن، لە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ئۆکتۆبەری 2023 لە رێگەی درۆنەوە دەستیان بە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل کرد، بەڵام دوای ئەوەی ئیسرائیل چەند جارێک هۆشداری پێدان، هێرشەکانیان راگرت، لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستیش، کە یەکی ئەم مانگە کۆتایی هات، گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامی رایانگەیاند هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل رادەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ