سوودانی: 'سەرکەوتنی گەورەمان' لە جێبەجێکردنی بودجەی 2023 بەدیهێناوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەبارەی بودجە رێکخست و دەڵێت، "سەرکەوتنی گەورە"یان لە جێبەجێکردنی بودجەی 2023 بەدیهێناوە.
 
نووسینگەی راگەیاندنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ سەرۆکوەزیران سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی کردووە تایبەت بە تاوتوێکردنی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2024.
 
وەکو نووسینگەکە دەڵێت، ئامانجی گفتوگۆکان بریتی بووە لە ئەولەویەتدان بە کەرتی خەرجییەکان بۆ پشتگیریکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری، ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەستپێشخەرییە ستراتیژییەکان لە چوارچێوەی بودجە بۆ هەر سێ ساڵی (2023، 2024، 2025).
 
لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی رایگەیاندووە، "سەرکەوتنی گەورە"یان لە جێبەجێکردنی بودجەی گشتیی ساڵی 2023 بەدیهێناوە و، جەختیش لە جێبەجێکردنی بودجە بۆ ئەو پڕۆژانە دەکاتەوە، کە ماون.
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەکە، "سوودانی جەختی لە گرنگیی تیشکخستنەسەر ئەو پڕۆژانە کردەوە کە نزیکن لە تەواوبوون، هەروەها ئەو پڕۆژانەش کە پشتگیریی ژێرخانی عێراق دەکەن و، ئەوانەش کە زۆرترین هەلی کار دەڕەخسێنن."
 
محەممەد شیاع سوودانی، وەک نووسینگەی راگەیاندنەکەی باسی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە، دەبێت سوود لە "جێبەجێکردنی سەرکەوتووانە"ـی بودجەی 2023 ببینرێت بۆ تەواوکردنی پڕۆژە تەواونەکراوەکان، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە چاکسازیی ئابووری، وەبەرهێنان و پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە، تەندروستی و پاڵپشتیکردنی پڕۆگرامە بەرهەمدارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی."
 
راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سوودانی لەکاتێکدایە، هێشتا بڕگەکانی بودجە لەنێوان هەولێر و بەغدا بەتەواوی جێبەجێنەکراون و ئەوەش کێشەی بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
 
رۆژی 21ـی مانگی رابردووش، جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان "نادەستوورییە."
  
هەروەها دادگەکە بڕیاریدا، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی بەغدا بکات. هەروەها حکومەتی ناوەند بەبێ قەرز مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات.
 
دادگەکە بڕیاریشیدا لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی هەژماری بانکییەوە دروستبکرێت و، تاوەکو دروستکردنیشی، بە کاش مووچەی ئەو مووچەخۆرانە بدرێت کە هەژماریان بۆ دروستنەکراوە.
 
لە 11ـی ئادارەوە وەزارەتی دارایی عێراق نزیکەی 560 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی هەرێمی کوردستان.
 
وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، پارەی ئەو لیستانەی ناردووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆی ناردووە، بەڵام لیستی وەزارەتی پێشمەرگە، ناوخۆ، ئاسایش و ئەنجوومەنی ئاسایش، تەنیا بە ژمارە نێردراوە نەوەک بە زانیاری وردەوە.  
 
پارەکە بۆ مووچەی مانگی شوبات نێردراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ خشتەی دابەشکردنی مووچە رانەگەیێندراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای پارەی زیاتری کردووە بۆ ئەوەی لە یەک کاتدا خشتەی تەواوی مووچەخۆران رابگەیێنێت.
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 12ـی ئادار لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بۆ مووچەی مانگی شوبات داوای 949 ملیار 813 ملیۆن دیناریان لە بەغدا کردبوو، بەڵام بەو بڕەی کە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچە ناردوویەتی 390 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە. 
 
رۆژی هەینی، 15-3-2024یش ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان گوتی، داهاتی نێوخۆ 374 ملیار دینارە، بەڵام بەشێکی لە فەرمانگەکاندا چەکە و کاش نییە؛ بەشێکی دیکەی وەک داهات هەژمار دەکرێت، بەڵام بەشێوەی قەرزی ئاو، کارەبا و قەرزەکانی دیکەیە کە لای هاونیشتمانییانە و بەشێوەی کاش ناگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی حکومەت.