رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستیانکردووە بە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران بۆ مانگی شوبات. رەتیشیدەکاتەوە، هیچ کورتهێنانێکی دارایی دروست بووبێت، کە کاریگەری لەسەر خەرجییەکانی مووچە هەبێت.
رۆژی سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بەشی ژمێریاری لە وەزارەت دەستیکردووە بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆ مانگی شوبات، بەپێی ئەو رێکارە داراییە پەسندکراو و تەرخانکردنانەی کە لە یاسای بودجەی گشتیدا هاتووە."
بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری وەزارەتی دارایی داوا لە یەکەکانی خەرجکردن لە وەزارەتەکان، پارێزگاکان دەکات لە سبەیەوە نوێنەرایەتییەکانیان بنێرن بۆ تەواوکردنی مەرجەکانی پارەدارکردنی مووچە.
وەزارەتی دارایی جەخت لەسەر پابەندبوونی خۆی بە خشتەی پارەدارکردنی مانگانەی پەسندکراو و جێبەجێکردنی سەرجەم رێکارە پێویستەکان دەکاتەوە.
وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەشڵێت: "پابەندین بە خەرجکردنی شایستەکانی فەرمانبەران، خانەنشینان و ئەوانەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، بەپێی خشتەی کاتی دیاریکراو، بەبێ هیچ دواکەوتن و کەمییەک لە بودجەدا."
وەزارەتەکە رەتیدەکاتەوە هیچ کورتهێنانێکی دارایی دروست بووبێت، کە کاریگەری لەسەر خەرجییەکانی مووچە هەبێت و دەڵێت، "بەردەوامین لە کارکردن بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیری سیاسەتی دارایی و دابینکردنی شایستەداراییەکان بەپێی پلانە پەسەندکراوەکان."
ئەمە لە کاتێکدایە، بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی شوباتی رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ نەکردووە.
کۆتایی مانگی رابردوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسەکانی پەیوەندیدار بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چەند مژارێکی دیکە.
رۆژی 3ـی ئەم مانگە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا رایگەیاند: "لەگەڵ عێراق رێککەوتین مووچەی ئەم ساڵ بێ گرفت خەرج بکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ