سەدر داوا لە ئێران دەکات ئەندامانی گرووپە خۆکوژەکانیان رادەست بکاتەوە

18-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

موقتەدا سەدر دەڵێت، جووڵانەوەکانی "قوربان و عەلی ئیلاهییە - عەلی خودایە" لە دەرئەنجامی پووکانەوەی رۆشنبیری و بیروباوەڕ دروستبوون، ئەوانەی خۆیان دەکوژن بەرەو ئاگری دۆزەخ و چارەنووسێکی خراپ دەڕۆن.
 
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی نیشتمانیی شیعه‌کان، لە وەڵامی پرسیاری لایەنگرێکی سەبارەت بە گرووپەکانی عەلی خودایە و قوربان رایگەیاندووە: "سەرجەم ئەو جوڵانەوانە و ئەوانی دیکەش حەزی دنیا ویستی، کۆکردنەوەی سامان و بەدەستهێنانی سەرکەوتنی دنیاییە."
 
سەدر دەڵێت: "هەرشتێک کە پێچەوانەی بەرنامەی عەلی، پێشەوای ئیمانداران بێت، بە گوێڕایەڵی نەکردنی خوا، ئەوا لە هیچ شتێکدا عەلی نییە، ئەو بێبەرییە لێیان، وەک چۆن لە ژیانی پیرۆزیدا بێبەری بوو لەو کەسانەی کە جاڕی خوایەتی ئەویان دەدا."
 
رێبه‌ری ره‌وتی نیشتمانیی شیعه‌کان ئاماژە بەوە دەکات، هەرکەسێک جگە لە خودا بانگەواز بۆ بوونی خوایەکی دیکە بکات، ئەوە لە دەرەوەی بەزەیی پەروەردگاردایە و جگە لە سزا و چەرمەسەری دنیا و رۆژی دوایی هیچی دیکەی بۆ نییە.
 
هێزە ئەمنییەکان زۆر بە تووندی رووبەڕووی ئەو گرووپانە دەبنەوە. لە دوایین هەوڵیشیاندا رۆژی 15ی ئەم مانگە 10 ئەندامی گرووپەکەیان لە میسان دەستگیرکرد، کە یەکێکیان بە تیروپشک ناوی دەرچووبوو بۆ ئەوەی خۆی بکوژێت.
 
موقتەدا سەدر باوەڕی وایە، "کێشە گەورەکە لەوەدایە گاڵتەجاڕییان بە مێشکی گەنجان کردووە و فەرمانیان کردووە کە خۆیان بکوژن، لە کاتێکدا ئەوە رێگەپێنەدراو و حەرامە. بۆ نێو ئاگری دۆزەخ و چارەنووسێکی خراپ، هیچ پاداشتێکیش بۆ خۆکوشتنیان وەرناگرن، ئەوەش جگە لە نەزانی و پێشێلکردنی فەرمانەکانی خوا و پێغەمبەرەکەی هیچی دیکە نییە."
 
هەرچەندە ئەو گرووپانە ساڵی 2020 لە میسان دەرکەوتوون، بەڵام موقتەدا سەدر پێیوایە دەستی دەرەکی لە پشتیانە.
 
موقتەدا سەدر داوای رادەستکردنەوەی ئەندامانی ئەو گرووپانە لە ئێران دەکات و دەڵێت: "لەسەر هەمووان پێویستە کە ناوی ئەوانە بزڕێنن و ئاشکرایان بکەن، هەروەها پشتیوانییان لێنەکەن بەڵکو تەنانەت خواردن و خواردنەوەشیان لێبگرنەوە. بەگوێرەی تێگەیشتنی من، سەرجەم ئەو جوڵانەوانە پاڵپشتی دەرەکییان هەیە، بۆیە داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکەم کە ئەوانە رادەستی حکومەتی عێراق بکاتەوە بۆ سزادانیان، یان لە حەوزەی زانستی لێپێچینەوەی شەرعی یان یاساییان لەگەڵدا بکرێت لە نزیکترین کاتدا."
 
گرووپى قوربان و عەلی ئالهییە لەساڵى 2020 سەریانهەڵدا، ئەو دوو گرووپە کارکردنیان نهێنیە و تیروپشک بۆ خۆکوشتن و خۆبەقوربانیکردنی عەلی دەکەن.
 
گرووپی تووندڕەوی مەزهەبی قوربان، عەلی ئیلاهی- عەلی خودا گرووپی شیعەمەزهەبن، ئیمام عەلی بە خودا دەزانن و لە پێناوی ئەودا خۆیان دەکەنە قوربانی و کۆتایی بە ژیانی خۆیان دەهێنن.
 
گرووپەکە بوونەتە هۆی خۆکوشتنی ژمارەیەک گەنجی باشووری عێراق بە ناوی ئەوەی خۆیان بۆ ئیمامی عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب، چوارەم خەلیفەی ئیسلام کردووەتە قوربانی.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە