وەزارەتی ناوخۆی عێراق: رادەستکردنەوەی دۆسیەی ئەمنیی سامەڕا دەستیپێکردووە

18-02-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیێنێت بە فەرمی رێکارەکانی رادەستکردنەوەی بەرپرسیارێتیی دۆسیەی ئەمنی لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سامەڕا بۆ پۆلیس دەستیپێکردووە. 
 
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رۆژی یەکشەممە، 18ی شوباتی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە فەرمی رێکارەکانی گواستنەوەی بەرپرسیاریەتی ئەمنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سامەرا لە وەزارەتی بەرگریی عێراق دەستپێکردووە". 
 
قەزای سامەڕا دەکەوێتە سنووری پارێزگاری سەلاحەدین. 
 
لەدوای تێکشکاندنی داعش، دۆسیەی ئەمنی شەش پارێزگای عێراق لە سوپاوە رادەستی پۆلیس کراوەتەوە. 
 
دۆسیەی ئەمنیی یەکێک لەو پارێزگایانەی بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا رادەست بکرێتەوە، دۆسیەی ئەمنیی پارێزگای کەرکووکە.
 
لە ساڵی 2003ـوە تاوەکو ساڵی 2017 دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک بەدەستی پۆلیسەوە بوو، بەڵام دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 بۆ سەر شاری کەرکووک، دۆسیەکە رادەستی سوپا کرایەوە.
 
رۆژی 25ى کانوونى دووەمى 2024، عەبدولئەمیر شمەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق سەدرانى کەرکووکى کرد و لەگەڵ بەرپرسانى ئەمنى و ئیدارى شارەکە کۆبووەوە.
 
لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا وەزیرى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، لە قۆناخى داهاتوودا فەرماندەیی پۆلیسى کەرکووک دۆسیەى ئەمنیى شارەکە لە ناوەندى پارێزگاکە و قەزاى حەویجە و ناوەندى شارەکانى دیکە وەردەگرێت، هاوشێوەى پارێزگاکانى دیکە کە دۆسیەى ئەمنیی ناوەندى شارەکانى تێدا رادەست کراوە.
 
بە بڕیارى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، چوار فەوجى پۆلیسی ئامادەى کەرکووک دەخرێنە سەر پۆلیسى فیدراڵى، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ رادەستکردنى دۆسیەى ئەمنیى شارەکە لە سوپاوە بۆ پۆلیس.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە