بکوژانی هاوەڵزاواکەى هادى عامرى دەستگیرکران

19-02-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق دەستگیرکردنى سەرجەم ئەو کەسانەى راگەیاند کە تۆمەتبارن بە کوشتنى هاوەڵزاوایەکى هادى عامرى، ئەمیندارى گشتیى رێکخراوى بەدر و کەسێکى دیکە. بەگوتەى وەزارەتى ناوخۆ، کوژرانى ئەو دوو کەسە لەسەر کێشەى زەویوزار بووە.     
 
18ـى شوباتى 2024، شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق راگەیاند، هێزەکانى دەستوەردانى خێرا و پۆلیسی فیدراڵى، سەرجەم ئەو کەسانەیان دەستگیرکردووە کە بەشداربوون لە کوشتنى هاوەڵزاواکەى هادى عامرى، ئەمیندارى گشتیى رێکخراوى بەدر و کەسێکى دیکە کە یاوەرى کردووە. ئەو دوو کەسە لە رووداوێکى تەقەکردندا لە ناوچەى راشیدییەى باکوورى بەغدا کوژران.
 
رۆژی یەکشەممە، 18ـى شوباتی 2024، سەبرى عامرى، هاوەڵزاواى هادى عامرى، ئەمیندارى گشتیى رێکخراوى بەدر لە ناوچەى راشدییەى باکوورى بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەى خۆیدا لەگەڵ کەسێکى دیکەدا کوژران.
 
دەستگیرکردنى سەرجەم ئەو کەسانەى کە تۆمەتبارن بە کوشتنى ئەو دوو کەسە، لەدواى چەند کاژێرێک بوو لە روونکردنەوەیەکى وەزارەتى ناوخۆى عێراق کە تێیدا ئاماژەى بەوەدا، کوژرانى ئەو دوو کەسە بەهۆى کێشە بووە لەسەر پارچە زەوییەک لە ناوچەى راشیدییەى باکوورى بەغدا و دوو کەس دەستگیرکراون و بەدواى کەسانى دیکەدا دەگەڕێن کە بەشداربوون لەو رووداوە. 
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە رێکخراوى بەدر کە لەبەر هەستیاریى دۆخەکە نەیویست ناوى بڵاوبکرێتەوە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "سەبرى عامرى، بەرپرسیارێتیى باڵاى لە رێکخراوى بەدر نەبووە و ئەندامێکى ئاسایی بووە و پەیوەندیى لەگەڵ هادى عامرى هەبووە و هاوەڵزاواشی بووە، بەڵام کوشتنەکەى پەیوەندى بە ناکۆکیى سیاسییەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆى ناکۆکیى خێڵەکییەوە بووە و بکوژەکانیش ناسراون".
 
هادى عامرى یەکێکە لە سەرکردەکانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، جگە لەوە سەرۆکى هاوپەیمانیى نەبنی-یە، کە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بەشداریکرد و زۆرینەى لایەنەکانى نێو حەشدی شەعبی پێکهێنەرى ئەو هاوپەیمانێتییەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە