سه‌رپه‌رشتیی میلیشیاكانی عێراق ده‌درێته‌ حیزبوڵڵای لوبنانی

 
 
رووداو- هه‌ولێر

ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای كوژرانی قاسم سوله‌یمانی، رێكخراوی حیزبوڵڵای لوبنان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی میلیشیا عێراقییه‌كان رێكخست، ئامانج له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی ریزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ بوو كه‌ به‌هۆی كوژرانی سوله‌یمانییه‌وه‌ دروستبوو. ئه‌م هه‌وڵه‌ی گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ كاتێكدا بوو كه‌ گرژیی نێوان ئه‌مریكا و عێراق گه‌یشته‌ لێواری جه‌نگێكی راسته‌وخۆ.
 
كوژرانی قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی پێشووی هێزه‌كانی قودس و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، فه‌رمانده‌ی كه‌تایبی حیزبوڵڵای عێراق له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا له‌ رۆژى سێى كانوونى دووه‌مى 2020 ، كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی له‌ هه‌وڵه‌كانی ئێران بۆ فراوانكردنی هه‌ژموونی وڵاته‌كه‌ی له‌ عێراق دروستكرد. ژماره‌یه‌ك سه‌رچاوه‌ی ئاگادار، به‌ مه‌رجی ئاشكرانه‌كردنی ناویان بۆ ئاژانسی (رۆیته‌رز)ی به‌ریتانییان ئاشكرا كردووه‌ كه‌ حیزبوڵڵا ئه‌ركی پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی پێ سپێردراوه‌. 
به‌رپرسی یه‌كێك له‌ هێزه‌كانی نزیك له‌ ئێران ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌وڵه‌كانی حیزبوڵڵا به‌رده‌وام ده‌بن هه‌تا ئه‌و كاته‌ی فه‌رمانده‌یی نوێی سوپای قودس ده‌توانن قه‌یرانی سیاسیی عێراق هه‌ڵسووڕێنن. سوپای قودس باڵی چالاكییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانه‌ و سوله‌یمانی له‌ ساڵی 1998ه‌وه‌ فه‌رمانده‌یی ئه‌و هێزه‌ی ده‌كرد. 
 
به‌ گوته‌ی دوو سه‌رچاوه‌ی عێراقی، كۆبوونه‌وه‌كان له‌ كانوونی دووه‌مدا و چه‌ند رۆژێكی كه‌م دوای كوژرانی سوله‌یمانی بوون، یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ كۆبوونه‌وه‌كان له‌ به‌یروت بوون و سه‌رچاوه‌كه‌ی دیكه‌یان ده‌ڵێ له‌ لوبنان یان له‌ ئێران بوون. 
 
مانگی رابردوو، ماڵپه‌ڕی (میدڵئیست ئای)ی قه‌ته‌ری له‌سه‌ر زاری كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌ باڵاكانی شیعه‌ ئاشكرای كرد كه‌ شه‌ش رۆژ دوای رووداوه‌كه‌ی نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا، سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ به‌یروت كۆببوونه‌وه‌ و به‌ڵێنیان دابوو ناكۆكییه‌كانی نێوانیان به‌لاوه‌ بنێن و به‌ره‌یه‌كی خۆڕاگریی یه‌كگرتوو دروست بكه‌ن.  
 
دوای ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌، سه‌ركرده‌كان سه‌ردانی تاران و قومیان كردبوو، له‌وێ له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در، سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در كۆببوونه‌وه‌ كه‌ پێش كوژرانی سوله‌یمانی داوای كردبوو "ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌كی" له‌ كاروباری به‌غدا سنووردار بكرێ.
 
سه‌رچاوه‌ عێراقییه‌كان به‌ ئاژانسه‌ به‌ریتانییه‌كه‌یان گوتووه‌ كه‌ شێخ محه‌ممه‌د ئه‌لكه‌وسه‌رانی، نوێنه‌ری حیزبوڵڵا له‌ عێراق میوانداری كۆبوونه‌وه‌كانی كردووه‌. كه‌وسه‌رانی ساڵانێكی زۆر له‌گه‌ڵ سوله‌یمانی سه‌ركردایه‌تیی رێكخستن و هاوئاهه‌نگیی نێوان میلیشیا عێراقییه‌كانی كردبوو.
 
له‌ سه‌ره‌تای تشرینی یه‌كه‌مه‌وه‌، خۆپیشاندان به‌غدا و شاره‌كانی باشووری عێراقی گرته‌وه‌. سوله‌یمانی له‌ چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانی حه‌شد لێیان تووڕه‌ ببوو، داوای لێكردبوون پلانێك بۆ كپكردنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان دابنێن. سه‌رچاوه‌ عێراقییه‌كان ده‌ڵێن كه‌وسه‌رانیش له‌ سه‌ركرده‌كانی حه‌شد تووڕه‌ بووه‌ كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ خۆپیشاندانه‌كان كۆنتڕۆڵ بكه‌ن و داواشی لێكردبوون له‌ ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆكوه‌زیرانی نوێی عێراقدا یه‌كڕیز بن.
 
سه‌ره‌تای مانگی شوبات، محه‌ممه‌د تۆفیق عه‌للاوی، وه‌زیری پێشووی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن، بۆ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی كاتیی عێراق راسپێردرا. 
 
 
ئه‌ركێكی قورس
 
قاسم سوله‌یمانی له‌ سێ ده‌یه‌ی رابردوودا په‌یوه‌ندیی قووڵی له‌گه‌ڵ شیعه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا دامه‌زراندووه‌، یارمه‌تی رێكخستنی هێزه‌كانی داوه‌ و ناكۆكییه‌كانی نێوانیانی چاره‌سه‌ر كردووه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ش وه‌ك به‌شێك له‌ ستراتیژی "به‌رگری پێشڕه‌و"ی ئێران كه‌ تێیدا تاران هه‌وڵده‌دات له‌ گروپه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی ئه‌گه‌ری جه‌نگێكی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران و عێراق له‌ خۆی دووربخاته‌وه‌. 
 
عێراقییه‌كان بۆچوونی جیاوازیان له‌باره‌ی كه‌وسه‌رانی هه‌یه‌. سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای شیعه‌ به‌ ئاژانسی (رۆیته‌رز) ده‌ڵێ: "كه‌وسه‌رانی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ گروپه‌ میلیشیاییه‌كاندا زۆره‌، جێی متمانه‌ی سوله‌یمانی بوو، پشتی پێده‌به‌ست و له‌ قه‌یرانه‌كان و كۆبوونه‌وه‌كانی به‌غدا داوای یارمه‌تی لێده‌كرد".
 
به‌ڵام كۆنتڕۆڵكردنی زیاتر له‌ 40 میلیشیای عێراقی كارێكی ئاسان نابێ، به‌ تایبه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی موهه‌ندیسیش له‌ئارادا نه‌ماوه‌. سه‌رچاوه‌یه‌كی عێراقی ده‌ڵێ: "ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌ركرده‌ی گرووپه‌كان خۆیان زۆر له‌وه‌ به‌ گه‌وره‌تر و گرنگتر ده‌زانن كه‌ فه‌رمان وه‌ربگرن. ئێستا له‌به‌ر گوشاری ئێران هاوكاریی كه‌وسه‌رانی ده‌كه‌ن، به‌ڵام گومانم هه‌یه‌ له‌وه‌ی به‌رده‌وام بن و ئێرانییه‌كانیش ئه‌وه‌ ده‌زانن".
 
میلیشیاكانی عێراق له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا شوێنی خۆیان له‌ جومگه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كانی عێراقدا قایم كردووه‌، ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رێكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ژموونی ئه‌و هێزانه‌ به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ سیاسییه‌كان و كه‌رتی ئابووری عێراقدا بووبێ، له‌ سه‌رێكی دیكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی ململانێی قووڵی نێوان گروپه‌كان بووه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌ سیاسییه‌كان و ده‌ستكه‌وته‌ ئابوورییه‌كان. 
 
مانگی رابردوو فه‌رمانده‌یه‌كی حه‌شد كه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كان بووه‌، به‌ ماڵپه‌ڕه‌ قه‌ته‌رییه‌كه‌ی راگه‌یاندبوو كه‌ ئامانجی نه‌سروڵڵا ئه‌وه‌یه‌ "رێككه‌وتنێك له‌ نێوان ئه‌و گرووپانه‌دا بكات، چونكه‌ ئێران داوای له‌ نه‌سروڵڵا كردووه‌ هه‌تا ئه‌وان بڕیارێك ده‌ده‌ن، ئه‌و هه‌مان ئه‌و رۆڵه‌ بگێڕێ كه‌ سوله‌یمانی له‌ عێراق ده‌یگێڕا. ئێران به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ سێ مانگی ده‌وێ هه‌تا بڕیار بدات چۆن ئیداره‌ی ئه‌و گروپانه‌ بكات كه‌ به‌ به‌ره‌ی خۆڕاگری ناسراون".
به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مریكی له‌ رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی عێراق له‌ لێدوانیان بۆ ئاژانسه‌ به‌ریتانییه‌كه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ میلیشیاكانی حه‌شد هێنده‌ی حیزبوڵڵا به‌ دیسیپلین نین. به‌رپرسه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ پێیوایه‌ نه‌سروڵڵا لای میلیشیاكانی ئێران له‌ رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست رێزێكی زۆری لێده‌گیرێ و "لای زۆر له‌ میلیشیا شیعه‌ عێراقییه‌كان وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی كاریزمی سه‌یر ده‌كرێ".
 
 
ئه‌مریكا و عێراق له‌سه‌ر لێوار
 
له‌ دوای كوژرانی سوله‌یمانی و موهه‌ندیس له‌سه‌ر خاكی عێراق، زۆرینه‌ی گرووپه‌ شیعه‌كانی عێراق داوای ده‌رچوونی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراقیان كرد، به‌ تایبه‌تیش هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان. هه‌رچه‌ند له‌ رواڵه‌تدا دۆخه‌كه‌ ئه‌و گرژییه‌ی سه‌ره‌تای مانگی رابردووی پێوه‌ دیار نه‌ماوه‌، به‌ڵام له‌ پشتی په‌رده‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان واشنتن و به‌غدا رووی له‌ لاوازی ناوه‌، هه‌رچه‌ند فه‌رمانده‌كانی سوپای عێراق دژی ده‌رچوونی هاوپه‌یمانانن. 
 
دوو به‌رپرسی سه‌ربازیی عێراق و فه‌رمانده‌ی یه‌كێك له‌ میلیشیاكان به‌ ئاژانسی (ئه‌سۆشێتید پرێس)ی ئه‌مریكییان راگه‌یاندووه‌ كه‌ حكومه‌ت پێیگوتوون له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دژی داعش داوای هاریكاری له‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان نه‌كه‌ن و هاوكارییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان كه‌م بكه‌نه‌وه‌. 
 
به‌رپرسێكی باڵای هه‌واڵگریی سه‌ربازیی عێراق ده‌ڵێ: "هه‌تا ئێستا داوامان له‌ ئه‌مریكییه‌كان نه‌كردووه‌ هاریكارمان بكه‌ن، ئێمه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش پشت به‌ تواناكانی خۆمان ده‌به‌ستین. به‌شداریی ئه‌مریكییه‌كان له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كان ته‌نیا شتێكی شكڵییه‌". كاربه‌ده‌ستێكی دژه‌تیرۆری عێراقیش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌ره‌ڕای به‌رده‌وامیی هه‌ندێك له‌ مه‌شقه‌ سه‌ربازییه‌كان "له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كاندا هیچ پشتگیرییه‌ك نییه‌".
 
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌، هاوپه‌یمانان له‌ دوای كوژرانی سوله‌یمانییه‌وه‌ هیچ هێرشێكی ئاسمانییان له‌دژی چه‌كدارانی داعش نه‌كردووه‌. له‌ كاتێكدا ته‌نیا له‌ دوو مانگی تشرینی یه‌كه‌م و دووه‌می پارساڵدا 45 هێرشی ئاسمانییان كردبووه‌ سه‌ر چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌. میلیس كاگینز، گوته‌بێژی هاوپه‌یمانان، له‌و باره‌وه‌ ده‌ڵێ: "عێراقییه‌كان له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا داوای هێرشی ئاسمانییان نه‌كردووه‌، له‌ كاتێكدا ئۆپه‌راسیۆنه‌كانمان وه‌ستاون". گوته‌بێژه‌كه‌ له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌می شوبات قسه‌ی بۆ ئاژانسه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ كردووه‌. 
 
تێكچوونی هاوئاهه‌نگی و هاوكارییه‌كانی نێوان هێزه‌ عێراقییه‌كان و هاوپه‌یمانان له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ به‌ گوێره‌ی زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كان داعش قۆناغی خۆڕێكخستنه‌وه‌ی ته‌واو كردووه‌. 
 
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ لێدوانێكدا بۆ گۆڤاری (ئه‌تڵه‌نتیك)ی ئه‌مریكی ده‌ڵێ: "ئه‌م ململانێیه‌ (له‌ نێوان ئه‌مریكا و ئێران) كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر شه‌ڕی دژی تیرۆر و داعش ده‌بێ، له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ ده‌بێ ئه‌وله‌ویه‌تی هه‌موومان بێ"، بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ "هه‌تا ئێستاش داعش وه‌ك خۆی ماوه‌".
 
سه‌ركه‌وتنه‌ خێرا و به‌رفراوانه‌كانی داعش له‌ 2014 به‌رهه‌می ناكارامه‌یی هێزه‌ عێراقییه‌كان بوو. ئه‌مریكییه‌كان و عێراقییه‌كانیش پێیانوایه‌ ساڵانێكی زۆری ماوه‌ هه‌تا عێراق بتوانێ له‌ڕووی سه‌ربازی، ته‌كنه‌لۆژی و هه‌واڵگرییه‌وه‌ پشت به‌ خۆی ببه‌ستێ. به‌رپرسه‌كه‌ی دژه‌تیرۆری عێراق ده‌ڵێ: "هێزه‌ عێراقییه‌كان پێویستیان به‌ پشتیوانیی هێزی ئاسمانی و هاوكاریی لۆجستیكییه‌، ئه‌و هاوكارییانه‌ش له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانانه‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێن، به‌ تایبه‌تیش ئه‌مریكییه‌كان، ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه‌ ده‌ربكرێن، ئێمه‌ ئیفلیج ده‌بین".
 
سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌، نوێنه‌رێكی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌منیی عێراق كۆبووه‌ته‌وه‌ و پێشنیازی ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی له‌بری ده‌رچوون له‌ عێراق، به‌شێك له‌ هێزه‌كانی بكشێنێته‌وه‌. كۆبوونه‌وه‌كه‌ "له‌ بنه‌مادا" بۆ باسكردن له‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا بووه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نوێنه‌رێكی سه‌ربازیی ئه‌مریكا، به‌رپرسێكی ناتۆ و راوێژكارێكی ئه‌منیی باڵای عێراق ئاماده‌ بوون. 
 
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی (میدڵئیست ئای)، نوێنه‌ره‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ به‌ عێراقییه‌كانی راگه‌یاندووه‌ "ئێمه‌ ئاماده‌ین هه‌ندێك ناوچه‌ی زۆرینه‌ شیعه‌ جێبهێڵین، وه‌ك بنكه‌ی به‌له‌د. ره‌نگه‌ بتوانین وجوودمان له‌ به‌غداش كه‌م بكه‌ینه‌وه‌". بنكه‌ی ئاسمانیی به‌له‌د له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌ددینه‌ و 80 كیلۆمه‌ترێك له‌ به‌غداوه‌ دووره‌. 
 
كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ هه‌ستیار بووه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ عێراق نه‌كراوه‌، به‌ڵكو به‌رپرسه‌كان له‌ باڵیۆزخانه‌ی كه‌نه‌دا له‌ عه‌ممانی پایته‌ختی ئوردن كۆبوونه‌ته‌وه‌. له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا لایه‌نی ئه‌مریكی جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ بنكه‌ی ئاسمانیی عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌د له‌ پارێزگای ئه‌نبار "هێڵی سوور"ه‌ و "ئێمه‌ ته‌نانه‌ت ناتوانین باسی كشانه‌وه‌ (له‌و بنكه‌یه‌)ش بكه‌ین. له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ له‌وێ هه‌ر پرسیاریشمان لێمه‌كه‌ن".
 
سه‌ركرده‌یه‌كی سوننه‌ كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی ئاشكرا بكرێ، به‌ ماڵپه‌ڕه‌ قه‌ته‌رییه‌كه‌ ده‌ڵێ: "هیچ كه‌س چیدی متمانه‌ی به‌ ئه‌مریكییه‌كان نه‌ماوه‌، به‌ بارزانیشه‌وه‌ كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا گوتبووی ئه‌مریكییه‌كان پشت له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌كه‌ن. وه‌ك خۆم هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌مریكییه‌كان هێز كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ناكشێنه‌وه‌".
 
 
ئه‌مریكا كارته‌ ئابوورییه‌كانی به‌كارده‌هێنێ
 
هه‌فته‌ی رابردوو، ئه‌مریكا ماوه‌ی رێگه‌دانی به‌ عێراق بۆ كڕینی غاز له‌ ئێران درێژ كرده‌وه‌، به‌ڵام ماوه‌ی درێژكردنه‌وه‌كه‌ نیگه‌رانیی لای عێراقییه‌كان دروستكردووه‌. پێشتر ئه‌مریكا ماوه‌كه‌ی له‌ نێوان 90 بۆ 120 رۆژ بۆ عێراق درێژده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان ته‌نیا 45 رۆژی بۆ درێژكردووه‌ته‌وه‌.
 
ئه‌گه‌ر ماوه‌ی ئه‌و رێگه‌پێدانه‌ بۆ عێراق درێژ نه‌كراباوه‌، ئه‌وه‌ عێراق دوو رێگای له‌ پێش ده‌بوو: یان هاورده‌ی غاز و كاره‌با له‌ ئێرانه‌وه‌ بوه‌ستێنێ و چاوه‌ڕێی خۆپیشاندانی گه‌وره‌ له‌سه‌ر كاره‌با بكات، یان درێژه‌ به‌ كڕینی غاز و كاره‌با له‌ ئێران بدات و چاوه‌ڕێی سزای ئه‌مریكا بكات. 
 
به‌رپرسێكی عێراقی بۆ ئاژانسی (فرانس پرێس)ی ئاشكرا ده‌كات كه‌ مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی مانگی رابردووی له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق، هاواری كردووه‌ به‌سه‌ریدا و گوتوویه‌تی: "ئه‌گه‌ر هێرشه‌كان به‌رده‌وام بن، ئه‌وه‌ بیر له‌ درێژكردنه‌وه‌ی رێگه‌پێدانه‌كه‌ مه‌كه‌نه‌وه‌". 
 
عێراق هه‌موو مانگێك 1 بۆ 2 ملیار دۆلار له‌ داهاتی نه‌وتی وڵاته‌كه‌ی له‌ بانكی یه‌ده‌كی فیدراڵیی نیویۆرك ده‌رده‌هێنێ بۆ ئه‌وه‌ی به‌های دراوه‌كه‌ی به‌رز رابگرێ. سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای عێراقی و سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پیشه‌سازی نه‌وت بۆ ئاژانسه‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌ی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ مانگی رابردوو گواستنه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك دواكه‌وت و هۆكاره‌كه‌شی سیاسی بووه‌. 
 
پاره‌كه‌ی مانگی شوبات له‌ كاتی خۆیدا گه‌یشتووه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی عێراق چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن واشنتن سنوورێك بۆ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ دابنێ كه‌ عێراق له‌ سندووقه‌كه‌ وه‌ریده‌گرێ. سه‌رچاوه‌ عێراقییه‌كه‌ ده‌ڵێ "ئێمه‌ له‌سه‌ر لێواری چه‌قۆین".
 
به‌شێك له‌ كێشه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و عێراق په‌یوه‌ندییان به‌ گرێبه‌ستی نێوان كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان و عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌وانه‌ش جه‌نه‌راڵ ئه‌له‌كتریك و ئیكسۆن مۆبیل. پێشتر بڕیار وابوو كۆمپانیای جه‌نه‌راڵ ئه‌له‌كتریك كه‌رتی كاره‌بای عێراق بنیات بنێته‌وه‌، به‌ڵام گرێبه‌سته‌كه‌ راده‌ستی سیمنسی ئه‌ڵمانی كرا. كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلیش له‌سه‌ر گرێبه‌ستێكی 50 ملیار دۆلاری بۆ كاركردن له‌ كێڵگه‌ی قوڕنه‌ی رۆژئاوا له‌ به‌سڕه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ هیچ رێككه‌وتنێك. 
 
له‌ كۆشكی سپیدا هه‌ندێك ده‌یانه‌وێ گوشاره‌كان له‌سه‌ر حكومه‌تی به‌غدا زیاد بكرێن، له‌ كاتێكدا هه‌ندێكی دیكه‌ پێیانوایه‌ ده‌بێ نه‌رمی بنوێنرێ. لوئه‌ی خه‌تیب، وه‌زیری كاره‌بای عێراق، دوای درێژكردنه‌وه‌ی رێگه‌دانه‌كه‌ به‌ كڕینی غاز و كاره‌با له‌ ئێران، به‌ (فرانس پرێس)ی راگه‌یاندبوو: "دڵنیام ئه‌مریكا رێگه‌دانه‌كه‌ وه‌ك چه‌ك به‌كارناهێنێ"، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ كۆمه‌ڵێك پێشكه‌وتن به‌دیهاتوون، له‌وانه‌ش رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئوردن و وڵاتانی كه‌نداو بۆ دروستكردنی بۆڕی و كڕینی غازی سروشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان.