40 کەس بەتۆمەتی بەشداریکردن لە کۆمەڵکوژی سپایکەر لەسێدارە دەدرێن

18-02-2016
هەڵات رێبوار
نیشانەکردن سپایکەر
A+ A-

 رووداو - بەغدا 

دادگای ناوەندی تاوانەکان رۆژی پێنجشەممە 18/2/2016 دووەم دانیشتنی بۆ دادگاییکردنی تۆمەتبارانی رووداوەکەی سپایکەر دەستپێکرد و. لە کۆتاییشدا بڕیار درا کە 40 کەس لەوانەی دادگایی دەکران لەسێدارە بدرێن.

 48 کەس بەتۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتارگەی سپایکەر کە تێیدا سەتان خوێندکاری هێزی ئاسمانیی عێراقی لە بنکەی سەربازیی سپایکەر کوژران، ئەمڕۆ دادگایی کران، 40 کەسیان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو و، حەوت کەسیشیان بەهۆی بەردەستنەبوونی بەڵگەی پێویست ئازاد کران.

بەهۆی ئامادەنەبوونی پارێزەری 48 تۆمەتبارەکە، دادگا لەسەر حیسابی دەوڵەت پارێزەری بۆ دابین کردبوون. بەپێی سەرچاوەیەک کە بۆ میدیا عێراقییەکان قسەی کردووە و نەیوسیتووە ناوی ئاشکرا بکرێت دانیشتنی دادگا بە گوێگرتن لە گوتەی تۆمەتباران دەستی پێکردووە و، بۆ ئەوەی رێوشوێنەکانی دادگاکە یاسایی بن، ئەو دادگایە پارێزەری بۆ تۆمەتبارەکان دابین کردووە.

رۆژی 12/6/2014 و دوای داگیرکردنی شاری تکریت، داعش کوشتارگەی لە سەربازگەی سپایکەر ئەنجامدا و زیاتر لە 1700خوێندکاری هێزی ئاسمانیی عێراقیان دەستبەسەر کرد، دواتر لە چەند شوێنێک بە گوللە کوشتیانن، هەندێکیشیان زیندەبەچاڵ کردن. داعش گرتە ڤیدیۆییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردووەتەوە، کە دەریدەخەن چۆن یەک یەکە ئەو سەربازانە بە گوللە دەکوژن.
 
دادگای ناوەندی تاوانەکان لە کۆی 48 تۆمەتبار 40 تاوانباری بە ئەنجامدانی تاوانی سپایکەر بە لەسێدارەدان سزادا
تاوانبارانی سپایکەر بە ماددەی 4ی تیرۆر حوکمدران و 7 کەسیش ئازادکران

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە