سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ: هەفتەی داهاتوو حکومەت پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان دەکات

18-01-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "حکومەتی عێراق وەک قەرز 400 ملیار دینارەکە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات." دەشڵێت: "هەفتەی داهاتوو حکومەت پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان دەکات." 
 
شەوی رابردوو، سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی ئابووری و ئەحمەد حاجی رەشید، پەرلەمانتاری خولی رابردووی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلادانانی عێراق و سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری حکومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
 
سۆران عومەر لەو بارەوە ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بابەتی دۆلار و پڕۆژەیاسای بودجەی 2023 و ناردنی 400 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان کرا." 
 
لەبارەی ناردنی 400 ملیار دینارەکە، سۆران عومەر گوتی: "حکومەتی عێراق 400 ملیار دینارەکە وەک قەرز لە رێگەی بانکی تی بی ئای رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات، دواتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان پاکتاوی ژمێریاری بۆ دەکات." 
 
بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی، پێویستە حکومەتی عێراق ساڵانە تا 15ی مانگی 10 پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بکات، بەڵام زیاتر لە 3 مانگ بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕیووە و حکومەت پڕۆژەیاساکەی رەوانەی پەرلەمان نەکردووە. لەوبارەوە ئەندامەکەی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق گوتی، "بڕیارە هەفتەی داهاتوو، حکومەتی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023، رەوانەی پەرلەمان بکات." 
 
رۆژی 13-1-2023، د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "400 ملیارەکە لە کاتی خۆیدا ئەنجوومەنی وەزیرانی بڕیاری ناردنی دا، بەڵام دواکەوت و کۆمەڵێک کێشەی تێکەوت لای وەزیری دارایی، بەڵام کێشەکە چارەسەر بوو." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە