لە کاتی رووخانی رژێمی بەعس هەزاران پارچە شوێنەوار باتاڵانبراون


رووداو - بەغدا

خەلیل خەمیسی پەیکەرساز لە کاتێکدا سەرقاڵی وردەکارییەکانی یەکێکی دیکەیە لە پەیکەرەکانی، بەڵام هێشتا حەسرەتی بەتاڵانچوونی هەزاران پەیکەری دێرێنی لە مۆزەخانەکانی بەغدا، پێودیارە.

ئەو ئێستا خەریکی دروستکردنی پەیکەری جەواد سەلیم گەورە پەیکەرسازی عێراقە، کە ساڵی ١٩٦١ کۆچی دوایی کردووە و لە دوای خۆی دەیان پەیکەر و شاکاری هونەری بواری پەیکەرسازی بەجێهێشتووە، بەڵام پەیکەرەکانی ئەو و دەیان پارچە شوێنەواری دیکە لە کاتی رووخانی رژێمی پێشووی عێراق باتاڵانبران.

ئێستا خەمیس داوای چارەنووسی ئەو پەیکەرانە دەکات.

ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک ئەمریکا گەیشتە ناو بەغدا دەرگای مۆزەخانەکان شکێندران، نزیکەی ١٠ هەزار پارچە شوێنەواری بەنرخ دزران دواتر دەرکەوت، کە لە بازاڕی رەشدا مامەڵەیان پێوە دەکرێت.

بەشێکی دیکە لەو شوێنەوارە دێرینانە کرانە چەند پارچەیەک و بە چەند کاروانێک ئاودیوی دەرەوەی عێراق کران، شارەزایانیش وای بۆ دەچن، کە ئەو شوێنەوارانە لە نێوان ئەمریکا و ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بزربووبن.

کاتێک باسی پەیکەرەکان دەکرێت خەلیل خەمیس ئاماژە بەوەدەدات، کە هونەرێکی ئاسان نییە، چونکە پێدوایستییەکانی ئەو هونەرە لە وڵاتێکی وەکو عێراقدا ئاستەمە.

بەغدا بەدەیان پەیکەری ناوازە رازاوەتەوە، لە هەر باخچەیەکدا پەیکەرێک هەیە، کە گوزارشت لە بەشێک لە کولتوری شارەکە دەکات، پەیکەری ئازادییش یەکێک لەو پەیکەرانەیە، کە ئێستا خەلیل خەمیس پەیکەر بۆ جەواد سەلیم خاوەنی ئەو پەیکەرە دروستدەکات.

خەلیل خەمیس دامەزرێنەری کۆمەڵەی هونەرە تازەکانی بەغدایە و خاوەنی پەیکەری عەبدولکەریم قاسم یەکەم سەرۆککۆماری عێراق و چەندین پەیکەری دیکەیە لە بەغدا.