وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ رووداو: بە هیچ شێوەیەک ماهیر ئەسەد نەهاتووەتە عێراق
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە رووداوی گوت: ماهیر ئەسەد نە لە رابردوو و نە لەم دواییانەشدا نەهاتووەتە عێراقەوە. دەشڵێت، نابێت میدیاکان بکەونە ژێر کاریگەری ئەو جۆرە دەنگۆیانە.
رۆژی سێشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک میدیا وا بڵاوکراوەتەوە کە ماهیر ئەسەد، برای سەرۆکی پێشووی سووریا بەشار ئەسەد لە خاکی عێراق بێت، دڵنیایی دەدەین لەوەی سەرجەم ئەو هەواڵانە راست نین و هیچ بنەمایەکیان نییە."
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتیشی: "دەمانەوێت دڵنیایی بدەین لەوەی ماهیر ئەسەد نە لە رابردوو و نە لە ئەم دواییانەشدا نەهاتووەتە عێراقەوە، نابێت میدیا نێوخۆییەکانمان بکەونە ژێر کاریگەری ئەو پڕوپاگەندانە."
بەشی فارسی کەناڵی عەرەبییە لە ئینستاگرام بڵاوی کردووەتەوە، کە ماهیر ئەسەد لە سلێمانییە، بەڵام لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی رەتیکردەوە کە ماهیر ئەسەد لە سلێمانی بێت.
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆژی سێشەممە بە رووداوی گوت: "بەداخەوە، رکابەری حیزبی گەیشتووەتە ئاستێک کە هەواڵێک بڵاو بکرێتەوە کاریگەریی لەسەر بەشێکی میدیای کوردستانی و عەرەبی دروست بکات. هەواڵەکە هیچ بنەمایەکی نییە جگە لە داڕشتنی سیناریۆ".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی: "ماهیر ئەسەد دەبێ لە کوێوە هاتبێتە سلێمانی؟ یان دەبێت لە ئاسمانەوە لەگەڵ فریشتە هاتبێت، یان دوو فڕۆکەخانەمان هەیە، بەغدا و هەولێر؛ چونکە فڕۆکەخانەی سلێمانی راستەوخۆی بۆ دیمەشق نییە".
لەتیف نێروەیی گوتیشی: "ماهیر ئەسەد، برای بەشار ئەسەدە و ئەویش ئەو هەموو دۆستەی وڵاتانی زلهێزی هەیە بۆچی ئەو بێت بۆ سلێمانی. عێراق بە فەرمی رەتیکردووەتەوە، دەمێنێتەوە هەرێمی کوردستان و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە فەرمی رەتیبکاتەوە و چەوتییەکان راستبکاتەوە. بەناوی یەکێتییەوە دەڵێم هەواڵەکە ناڕاستە".
ماهیر ئەسەد، براى بچووکى بەشار ئەسەدە، بەر لە رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، فەرماندەی فیرقەى چوارى سوپاى سووریا بوو.
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رۆژی شەممە رایگەیاند، هەواڵ هەیە کە ماهیر ئەسەد، برای بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سووریا و فەرماندەی پێشووی "فەوجی چوار"، لە رووسیایە، ئەمەش دوای ئەوەی بە فڕۆکەی هێلیکۆپتەر بۆ عێراق گوازراوەتەوە.
ماهیر ئەسەد، لە لیستی سزاکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا دایە.