وەزارەتی ناوخۆی عێراق: ماهیر ئەسەد لە عێراق نییە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رەتیکردەوە کە ماهیر ئەسەد، برای بەشار ئەسەد لە عێراق بێت.
 
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی راگەیاند، "ئەو هەواڵانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە سەبارەت بەوەی کە ماهیر ئەسەد، برای سەرۆکی پێشووی سووریا بەشار ئەسەد لە خاکی عێراق بێت، راست نین".
 
میری داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد وردبن و ئاگاداربن لە گواستنەوەی هەواڵەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە.
 
بەشی فارسی کەناڵی عەرەبییە لە ئینستاگرام بڵاوی کردووەتەوە، کە ماهیر ئەسەد لە سلێمانییە، بەڵام لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی رەتیکردەوە کە ماهیر ئەسەد لە سلێمانی بێت.
 
ماهیر ئەسەد 57 ساڵان، براى بچووکى بەشار ئەسەدە، بەر لە رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، فەرماندەی فیرقەى چوارى سوپاى سووریا بوو. 
 
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رۆژی شەممە رایگەیاند، هەواڵ هەیە کە ماهیر ئەسەد، برای بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سووریا و فەرماندەی پێشووی "فەوجی چوار"، لە رووسیایە، ئەمەش دوای ئەوەی بە فڕۆکەی هێلیکۆپتەر بۆ عێراق گوازراوەتەوە.
 
ماهیر ئەسەد، لە لیستی سزاکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا دایە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە