کۆمیسیۆن: کێشەی ئامێرەکان پێشبینی نەکراو بوو بەڵام راگەیاندنی ئەنجامەکان دواناخات

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، ئەو کێشانەی لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا روویانداوە بۆ ئەوان چاوەڕوان کراو نەبوو، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەو کێشانە چارەسەرکراون و لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا دووبارە نابنەوە. دەشڵێت، "ئەگەر رۆژی دەنگدانی گشتیش رووبداتەوە کاریگەریی لەسەر راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەماوەی 24 کاژێردا نابێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 17-12-2023، حەسەن هادى، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، " ئەو کێشانەی دوێنێ شەممە، 16-12-2023، لە دەنگدانی تایبەت روویاندا بەتایبەت نەناردنی راپۆرتی کۆتایی ئەنجامەکان لە ژمارەیەک وێستگە و بنکەی دەنگدانەوە چارەسەرکراوە و لە دەنگدانی گشتی دووبارە نابێتەوە، کۆمیسیۆن گەرەنتی ئەوە دەکات."
 
دەشڵێت، "ئەوەی روویداوە چاوەڕواننەکراو بوو، چونکە پێش بەکارهێنانیان ئامێرەکان چەند جارێک تاقیکرانەوە و پێشبینی نەکراو بوو."
 
سەبارەت بەئەگەری دووبارەوەبوونەوەی ئەو کێشەیە لە دەنگدانی گشتی کە بڕیارە رۆژی دووشەممە، 18ـی کانوونی دووەم بەڕێوەبچێت، روونیکردەوە" ئەو کێشەیە دووبارە نابێتەوە، بەڵام ئەگەر دووبارەش ببێتەوە، کۆمیسیۆن بەپێی یاسا پابەندە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەماوەی 24 کاژێردا رابگەیێنێت، بۆیە ئەگەر ژمارەیەک بنکە و وێستگەش راپۆرتی کۆتاییان کێشەی تێدا بێت و نەنێردرێت، کۆمیسیۆن ئەنجامە سەرەتاییەکانی لەو ماوەیەی بۆی دیاریکراوە رادەگەیێنێت."
 
رۆژی شەممە، 16ـی کانوونى یەکەم، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان تێیدا هەبوو، بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان راپۆرتی کۆتاییان بەهۆی کێشەی هونەرییەوە نەنارد، ئەمڕۆ لەسەر ئەو کێشەیە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق رەخنەی لە کۆمیسیۆن گرت و رایگەیاند "بە نیگەرانییەوە چاودێریی ئەو کێشە هونەرییانەمان کرد، کە لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان روویاندا، بەتایبەت نەناردنی ئەنجامەکان لە رێگەی ئامێری گوێزەرەوە لە زۆر لە سندووقەکانی دەنگدانەوە و گواستنەوەیان بۆ سەنتەرەکانی ژماردن و جیاکردنەوە بەبێ ژماردنیان بە دەست."
 
بەپێی مادەی 16ـی هەموای سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ، ژمارە 12ـی ساڵی 2018، کۆمیسیۆن پشت بە ئامێرەکانی خێراکردنی ئەنجامەکانی ئەلیکترۆنی دەبەستێت و ژماردن و جیاکردنەوە بۆ سەرجەم وێستگەکانی دەنگدان لەهەمان بنکەی دەنگدان دەکرێت دوای ناردنی ئەنجامەکان بۆ سەنتەری پۆڵێنکردنی ئەنجامەکان لەرێگەی گوێزەرەوە و ناردنی راپۆرتی ئەنجامەکانی کۆتایی لە ئامێرەی خێراکردنی ئەنجامەکانەوە، کۆمیسیۆن پابەند دەبێت بە راگەیاندنی ئەنجامەکانی دەنگدانی گشتی و تایبەت لەماوەی 24 کاژێردا.
 
رۆژی شەممە، 16ـی کانوونى یەکەم، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەبوو، بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان راپۆرتی کۆتاییان بەهۆی کێشەی هونەرییەوە نەنارد. رۆژی دووشەممەش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت، کە 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کە مافی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن لە 7116 بنکەی دەنگدان و 35 هەزار و 553 وێستگە دەنگ بدەن.