رێکخراوەکانی چاودێری: 8 خاڵی ئەرێنی و 8ـی نەرێنیی لە دەنگدانی تایبەت تۆمارکراون

17-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

حەوت رێکخراوی تایبەت بە چاودێریکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، راوەستانی ئامێرەکانی ناردنی ئەنجامەکان و وێنەگرتنی دەنگدان و بردنی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و بەردەوامیی بانگەشەی هەڵبژاردن لە دیارترین ئەو خاڵە نەرێنییانەبوون کە لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا تۆمارکراون. 
 
رۆژی یەکشەممە، 17-12-2023، هاوپەیمانیی تۆڕ و رێکخراوەکانی نیشتمانی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە حەوت رێکخراو و تۆڕ ئەندامن تێیدا، راپۆرتی یەکەمی لەبارەی چاودێریکردنی دەنگدانی تایبەت بە هەڵبژاردن بڵاوکردەوە. ئەوان بە 219 چاودێرەوە، جگە لە تیمی گەڕۆک، چاودێریی 221 بنکە و 257 وێستگەی دەنگدانیان کردووە.
 
هاوپەیمانێتییەکە هەشت خاڵی ئەرێنی و هەشت خاڵی نەرێنی و شەش راسپاردەی لەبارەی رۆژی دەنگدانی تایبەت تۆمارکردووە کە ئەمانەن: 
 
خاڵە ئەرێنییەکانی رۆژی دەنگدانی تایبەت:
 
1- دابینکردنی ژینگەیەکی ئەمنیی باش بۆ سەلامەتیی دەنگدەران و بنکەکانی دەنگدان.
2- هاتنی فەرمانبەرانی بنکەکان بەپێی کاتی دیاریکراو و بەردەستبوونی سەرجەم پێداویستییە سەرەکییەکان.
3- بەردەستبوونی تۆمارێکی دەنگدەرانی تایبەت بە هێزە ئەمنییەکان کە بۆ یەکەمجارە دەکرێت.
4- ئامادەبوونی چاودێران و بریکارانی قەوارە سیاسییەکان.
5- پابەندبوونی ورد بە وادەی کردنەوە و داخستنی دەرگای بنکەکانی دەنگدان.
6- هەڵبژاردنی شوێنی گونجاو و گونجاندنی ژمارەی دەنگدەران لەپێناو ئاسان گەیشتنیان.
7- دانانی کامێرای چاودێری پابەندبوونی بە رێکارەکان زیاکردبوو.
8- ئاسانی دەنگدان کە بەپێی راپۆرتەکانی چاودێرانمان رێژەکە گەیشتووەتە زیاتر لە 70٪.
 
- خاڵە نەرێنییەکانی رۆژی دەنگدانی تایبەت:
 
1- دەنگدەران لەلایەن ئەفسەرەکانییانەوە هێندراون، جەختکردنەوەی پلەداران لە سزادانی ئەوانەی دەنگ نەدەن.
2- بەردەوامیی هەڵمەتەکانی بانگەشە لە هەڵبژاردن و لە دوورییەک کاریگەریی لەسەر دەنگدەران دەبێت.
3- رێگەدان بە دەنگدانی بەشێک لە دەنگدەران بەبێ دڵنیابوونەوە لە ناسنامەکانیان لە پاڵ کارتی بایۆمەتری دەنگدان، لەگەڵ دڵنیانەبوونەوە لە نەبوونی مەرەکەب بە پەنجەیانەوە.
4- راگرتنی دەنگدان بۆ چەند کاژێرێک بەهۆی زۆریی ژمارەی هێزە ئەمنییەکانەوە لە هەندێک لە بنکە و وێستگەکان.
5- رێگەگرتن لە بەشێک لە چاودێران لە چوونە نێو بنکە و وێستگەکان.
6- راوەستانی بەشێک لە ئامێرەکانی ژماردن و جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنیی دەنگەکان لە کۆگەکردنی داتاکان کە وایکرد لە 6 کاژێردا ئەنجامەکان نەنێردرێن.
7- بەهۆی کەمی راهێنان بە فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن، جیاوازی لە جێبەجێکردنی رێکارەکان هەبووە، بێلایەن نەبوونیش لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەنگدەران.
8- بردنەژوورەوەی مۆبایل و وێنەگرتنی کاخەزی دەنگدان لەلایەن دەنگدەران و بڵاوکردنەوەی.
 
- راسپاردەکان بۆ کۆمیسیۆن لەبارەی رۆژی دەنگدانی تایبەتەوە:
 
1- پێویستیی چارەسەرکردنی ئامێرەکانی ژماردن و جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنیی دەنگدەرەکان و خستنەڕووی هۆکارەکانی پەککەوتنی لەسەر یەک و نەناردنی ئەنجامەکان.
2- لێکۆڵینەوە لە راستیی ناچارکردنی بەشێک لە ‌هێزەکان لەلایەن پلەدارەکانەوە بکرێت.
3- چەسپاندنی پڕەنسیپی ئازادیی دەنگدان و دەنگنەدان، هیچ لایەنێک ناتوانێت لێپرسینەوە لەوە بکات.
4- جەختکردنەوە لە پێویستیی قەدەخەکردنی هەموو شێوازەکانی بانگەشە لەنێو یان لە دەرەوەی بنکە و وێستگەکان لە رۆژی دەنگدان.
5- توانادارکردنی چاودێرەکان لە ئازادیی هاتوچۆ و گواستنەوە و دابینکردنی کەشی گونجاو بۆیان و پابەندبوون بە مافەکانیانەوە.
6- پڕۆسەی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان لە سەرجەم وێستگەکان و لەبەردەم هەموو بریکار و چاودێران بکرێت، بەتایبەت لە دەنگدانی گشتی.
 
فیراس سالم، سەرۆکی رێکخراوی گەنجانی باشوور، یەکێک لە رێکخراوەکانی نێو هاوپەیمانیی تۆڕ و رێکخراوەکانی نیشتمانی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" راوەستانی ئامێرەکانی ناردنی راپۆرتی کۆتایی یەکێک بوو لە گەورەترین نەنگییەکانی پڕۆسەکە، بەڕێژەیەک لە هەموو پارێزگاکانی عێراق ئەو کێشەیە هەبووە، 75٪ـی ئامێرەکان لە کارکەوتوون و ئەوەش لە رۆژی دەنگدانی گشتی دروست ببێت کارەسات دەبێت، چونکە لە دەنگدانی گشتی ژمارەی دەنگدەران زۆر زیاترن و ئەگەری دروستبوونی گوشاریش هەیە."
 
روونیشیکردەوە "وێنەگرتنی کاخەزی دەنگدان و هێنانی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن ئەفسەرانەوە یەکێکی دیکە بوو لە دیاردە نامۆ و نەگونجاوەکان کە ئەگەری هەیە بیانخەنە ژێر گوشار و ناچاریان بکەن بە دەنگدان بە بەربژێر یان هاوپەیمانێتییەکی دیاریکراو."
 
رۆژی شەممە، 16ـی کانوونى یەکەم، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان تێیدا هەبوو، بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان راپۆرتی کۆتاییان بەهۆی کێشەی هونەرییەوە نەنارد.
 
بەپێی مادەی 16ـی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ، ژمارە 12ـی ساڵی 2018، کۆمیسیۆن پشت بە ئامێرەکانی خێراکردنی ئەنجامەکانی ئەلیکترۆنی دەبەستێت و ژماردن و جیاکردنەوە بۆ سەرجەم وێستگەکانی دەنگدان لەهەمان بنکەی دەنگدان دەکرێت دوای ناردنی ئەنجامەکان بۆ سەنتەری پۆڵێنکردنی ئەنجامەکان لەرێگەی گوێزەرەوە و ناردنی راپۆرتی ئەنجامەکانی کۆتایی لە ئامێرەی خێراکردنی ئەنجامەکانەوە، کۆمیسیۆن پابەند دەبێت بە راگەیاندنی ئەنجامەکانی دەنگدانی گشتی و تایبەت لەماوەی 24 کاژێردا.
 
رۆژی شەممە، 16ـی کانوونى یەکەم، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەبوو، بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان راپۆرتی کۆتاییان بەهۆی کێشەی هونەرییەوە نەنارد. رۆژی دووشەممەش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت، کە 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کە مافی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن لە 7116 بنکەی دەنگدان و 35 هەزار و 553 وێستگە دەنگ بدەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت