دەستپاکیی عێراق داوای زانیاریی خانوو و هەژمارە بانکییەکانی هاوژینی پارێزگاری بەسرە لە سێ وڵات دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی دەستپاکیی عێراق داوا لە نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی ششتنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر دەکات زانیاری لەبارەی کڕینی ژمارەیەک خانوو و هەژمارە بانکییەکانی هاوژینی پارێزگاری بەسرە و سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم لە ئیمارات و تورکیا و لوبنان پێبدات. 
 
فەرمانگەی پارێزیی سەر بە دەستەی دەستپاکیی عێراق نووسراوێکی بە ژمارە (و.ت.ح.س/5328) ئاراستەی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی ششتنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر بەناونیشانی "داواکردنی زانیاری" کردووە و تێیدا داوا دەکات "بە پشتبەستن بە حوکمەکانی یاسای دەستەی دەستپاکی و بەدەستهێنانی ناڕەوای ژمارە 30ـی ساڵی 2021ـی هەموارکراو و بە مەبەستی وردبینیی تایبەت بە فۆڕمی ئەستۆی دارایی و بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکانی پەیوەست بە تاوانی بەدەستهێنانی ناڕەوا لە پۆستە باڵاکان، داواتان لێدەکەین زانیارییمان لەبارەی هەدیل عەبدولسالم نیعمەوە پێبدەن کە هاوژینی ئەسعەد عیدانیە."
 
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە زانیارییان لەبارەی خانووبەرە و هەژمارە بانکییەکانی ئەو ژنە پێبدەن لە وڵاتانی ئیمارات، تورکیا و لوبنان.
 
شێخ عەبدولڕەحمان مەنسووری، یەکێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانیی تەسمیم کە ئەسعەد عیدانی سەرۆکایەتی دەکات، رۆژی یەکشەممە 17-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەسعەد عیدانی کەسێکی دەستپاکە. ئەو کار بۆ بەسرە دەکات؛ بۆیە دەکرێتە ئامانج. بڵاوکردنەوەی ئەو نووسراوە لەم کاتەدا ئامانجی سیاسیی لەپشتە. لێپرسینەوە و بەدواداچوون ئاساییە. پارێزگاریش لەخۆی رادەبینێت و بێ گومانە لە خۆی و ئەوەش وا دەکات ترسی لە لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە نەبێت."
 
ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرەیە و لە ساڵی 1967 لەدایکبووە؛ سیاسەتمەدار و خاوەنکارێکی عێراقییە؛ هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ئەندازیاری ئەلیکترۆنی.