بەرگریی شارستانی عێراق: رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە 21٪ کەمبوونەتەوە

17-12-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن رووداوی ئاگرکەوتنەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرگریی شارستانیی عێراق رایگەیاند، بەهۆی هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە، ئەمساڵ رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بەراورد بە ساڵی رابردوو بەڕێژەی 21٪ کەمیان کردووە.
 
لیوا موحسین کازم، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی رایگەیاند، بەپێی یاسای بەرگریی شارستانی ژمارە 44ـی ساڵی 2013، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کۆمەڵێک رێکاری یاسایی تووندی گرتووەتەبەر لەبەرامبەر ئەوانەی سەرپێچیی رێکارەکانی سەلامەتی دەکەن، ئەوەش کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کەمکردنەوەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە هەبووە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق دەڵێت، ئەمساڵ تاوەکو مانگی رابردوو، 20 هەزار و 150 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو، 32 هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکرابوون، بەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو رووداوەکان 21٪ کەمیان کردووە.
 
هەر لەوبارەوە، عەقید رەحمان حوسێن مەهدی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 17-12-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەمبوونەوەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، ئەنجامی هەڵمەتی ساڵێکی هۆشیارکردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی بووە.
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی عێراق هەروەها گوتی، هەڵمەتەکە لە باخچەی منداڵانەوە تاوەکو زانکۆکان و کارگە و شوێنەکانی گرتووەتەوە، کە تێیدا وانەی هۆشیاریان پێداون، "لەگەڵ سەردانی مەیدانیی شوێنەکان و پرۆژەکان لە هەرسێ کەرتی  گشتی، تایبەت و کەرتی تێکەڵاودا، هەموو ئەمانە کاریگەریان لەسەر کەمبوونەوەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە هەبووە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە