ئارام جەمال: کۆمپانیا کۆرییەکە بەڵێنیداوە لە دەنگدانی گشتیی پارێزگەکانی عێراق کێشە دروست نەبێت

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن دەڵێت، ئەو ئەنجامانەی لە دەزگەکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رادەگەیێندرێن، بەشێکی زۆری رێکلامی هەڵبژاردنە و دوورە لە راستییەوە. دەشڵێت، "کۆمپانیا کۆرییەکە داوای لێبووردنی کردووە بۆ ئەو کێشەیەی لە دەنگدانی تایبەت دروست بوو، بەڵێنیداوە لە هەڵبژاردنی گشتی کێشە دروست نەبێت."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ی کانوونی یەکەمی 2023، لە بووڵتەنی کاژێر 17:00دا ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن، بە رووداوی راگەیاند: "ئەوەی کە دوێنێ لە دەنگدانی تایبەت روویدا، بەشێکی زۆر لە سندووقەکان بەدەست کۆمیسیۆن نەگەیشتوونەتەوە، لە کۆی 1236 سندووق کە لە سەرانسەری عێراقدا، کۆمیسیۆن تاوەکو ئێستا 720 سندووقی بەدەست گەیشتوون."
 
ئارام جەمال گوتی: "کۆمپانیای میرۆ کە کۆمپانیایەکی کۆرییە، داوای لێبووردنی لە کۆمیسیۆن کردووە بەهۆی ئەوەی هەڵەیەکی تەکنیکی هەبووە، بەڵێنیداوە سبەینێ ئەو هەڵبژاردنەی کە دەکرێت، دوور دەبێت لە هەر هەڵەیەکی تەکنیکی. کۆمیسیۆن و کۆمپانیای میرۆش روونکردنەوەیان داوە، کێشەی دوێنێ تەنیا لە یەک ناوچە نەبووە و بەڵکو لە سەرانسەری عێراقدا هەبووە. کۆمپانیاکە بڕیاری داوە وەکو ساڵی 2021 بەشێوەیەکی باش هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوە بچێت و دوور بێت لە کێشەی تەکنیکی."
 
رۆژی شەممە، 16ی کانوونی یەکەمی 2023، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەچوو، کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەبوو، بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان راپۆرتی کۆتاییان بەهۆی "کێشەی هونەرییەوە" نەنارد، ئەمڕۆ لەسەر ئەو کێشەیە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق رەخنەی لە کۆمیسیۆن گرت.
 
بە گوتەی ئارام جەمال، "ئەوەی لە دەنگدانی تایبەت روویدا، کەموکووڕییەک بوو دەبوو ئەنجوومەنی کۆمیسیاران جیدیتر لەسەری رابوەستێت."
 
لەبارەی بە دەرکەوتنی دەنگ و سەنگی هەر نەتەوەیەک کە لە هەڵبژاردندا بەدەر دەکەوێت، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن باس لەوە دەکات، "ئەوەی ئێمە بەدەستمانەوەیە لە هەڵبژاردنەکانی دیکەی عێراقدا و من خۆم توێژینەوەیەکم کردووە لە هەڵبژاردنەکانی 2005 تاوەکو 2021 بە چەند دەرئەنجامێک گەیشتووم، یەکێک لەو دەرئەنجامانە ئەوەیە کە کورد و پێکهاتەی کوردی لە شاری کەرکووکدا، لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا زۆرینە بووە و لە هەموو پێکهاتەکانی دیکە زیاتر بووە. ئەگەر لیستەکانی سەر بە پێکهاتەی کورد دەنگی کورد بپارێزن و هەوڵ بدەن دەنگ زیاتر بهێنن، دەتوانن نیوە+1 واتا دەتوانن [لە کۆی 16 کورسییەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک] تا 9 کورسیش بەدەست بهێنن."
 
بڕیارە رۆژی دووشەممە، 18-12-2023، دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت کە 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و دەتوانن لە 7,116 بنکەی دەنگدان و 35 هەزار و 553 وێستگە دەنگ بدەن.