کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: بەهۆی کێشەی هونەرییەوە راپۆرتی کۆتایی بەشێک لە وێستگەکانی دەنگدان نەگەیشتن

17-12-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند بەهۆی ئەوەی لە بەشێک لە وێستگەکانی دەنگدانی تایبەت و بەهۆکاری هونەری ئەنجامەکانی دەنگدان نەنێردراون، بۆیە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیای گواستنەوەی ئەو سندووقانەی لە پارێزگاکانەوە بۆ بنکەی سەرەکیی کۆمیسیۆن دا بۆ ئەوەی راپۆرتی کۆتایی ئەو بنکانە ئامادە بکرێت و هەژمار و جیاکردنەوەی دەستییان بۆ بکرێت. 
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 17-12-2023) کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی نەگەیشتنی راپۆرتی کۆتایی بەشێک لە بنکەکانی دەنگدان لە پارێزگاکانی عێراق، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە "بە پشتبەستن بە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پارێزگاکان، ئەگەر ئەنجامەکان لە رێگەی گوێزەرەوە لە ماوەی شەش کاژێر نەگەیشتنە سەنتەری پۆلێنکردن و جیاکردنەوە، سندووقەکان بۆ بنکەی وردبینیی ناوەندی لە پارێزگاکە دەگوازرێتەوە بەمەبەستی گرتنەبەری ئەو رێکارانەی کۆمیسیۆن دەیانگرێتەبەر. ئەنجامی هەژماردن و جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان لە بنکەی وردبینیی ناوەندی لە پارێزگاکە دەکرێت."
 
هەروەها هاتووە "لەبەر ئەوەی لە دەنگدانی تایبەتدا ئەنجامەکانی ژمارەیەک لە وێستگەکان بەهۆی ئەو هۆکارە هونەرییانەی کۆمپانیای دروستکەری ئامێرەکانی میرۆی کۆری لە دوایین نامەیدا لە 17-12-2023 باسیکردووە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاردەدات بە گواستنەوەی سندووقەکانی ئەو وێستگانە بۆ بنکەکانی وردبینیی ناوەندی بەپێی پارێزگاکان، بەمەبەستی دەرکردنی راپۆرتی کۆتایی ئەنجامەکان و هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان."
 
رۆژی شەممە، 16ـی کانوونى یەکەم، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان تێیدا هەبوو، بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان راپۆرتی کۆتاییان بەهۆی کێشەی هونەرییەوە نەنارد.
 
بڕیارە رۆژی دووشەممە، 18ـی کانوونى یەکەم دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى 15 پارێزگاى عێراق بکرێت، کە یەکەمجارە لەدواى 10 ساڵ لە 14 پارێزگا و یەکەمجاریشە لە دواى 18 ساڵ لە کەرکووک بکرێت. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت