عێراق؛ لێکۆڵینەوە دەکرێت لە دزەپێکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی 2021

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، نیگەرانن لە بڵاوکردنەوەی رەشنووسی بودجەی 2021 بۆ میدیا و کارێکی نایاسایی و نابەرپرسیارانە بووە. موسەنا سامەڕائی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، لێکۆڵینەوە دەکرێت لە دزەپێکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی 2021.
 
لەناو رەشنووسەکەدا چەند پێشنیازێک خرابوونەڕوو بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی، ئەمەش بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە بۆ ساڵی داهاتوو.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی کانوونی یەکەمی 2020 لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ تۆڕیی میدیایی رووداو نێردراوە، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند "نیگەران و بێزارین لە بڵاوکردنەوەی رەشنووسی بودجەی 2021".
 
لە بەیاننامەکە ئەوە خراوەتەڕوو "ئامادەکردنی بودجە کارێکی تەکنیکیی وردە و تێیدا وەزارەتەکان و دامودەزگاکان و ئاژانسە نێوەدەوڵەتییەکان بەشدارن لە ئامادەکردنی، ماوەیەکی زۆری پێویستە تاوەکو ئامادە دەکرێت، ئەو ئامادەکردنەش ناکرێت بەبێ ئاماژەکردن بە داتا و سیاسەتی ستراتیجیی دەوڵەت وەکو کاخەزی سپی، کە حکومەتی پێشکەشی کردووە".
 
ئاشکراکردنی رەشنووسی بودجەی 2021 بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بەر لە کاتی خۆی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بە "کارێکی نابەرپرسیارانە" ناوبراوە و دەشڵێت، ئەمە وادەکات وەزارەتەکان نەتوانن بێلایەنانە رای خۆیان بخەنەڕوو تاوەکو لە دانیشتنی رۆژی شەممەدا هەموار بکرێت.
 
وەزارەتی دارایی عێراق داوادەکات "کەس سەرنج نەداتە سەر ئەو لێدوانانەی لە دوو رۆژی داهاتوودا لەسەر بودجە دەگوترێن، چونکە باشترین شوێن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بودجە، ئەنجوومەنی وەزیرانە؛ پاش پەسندکردنیشی دەنێردرێت بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەمەش رێوشوێنی یاسایی دروستە لەسەر بودجە، نەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان".
 

A post shared by Rudaw (@rudaw)