وەزیرانی دەرەوە و بازرگانیی تورکیا سەردانی عێراق دەکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیرانی دەرەوە و بازرگانیی تورکیا سبەی دووشەممە سەردانی عێراق دەکەن. پرسی سەرەکیی سەردانەکە، تاوتوێکردنی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانە.

نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 17-11-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی دووشەممە هەریەکە لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا و شاندێکی یاوەریان سەردانی عێراق دەکەن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق دەڵێت، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانە و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە و ئەو پڕۆژەیە تاوتوێ دەکەن.
 
پڕۆژەی رێگە گەشەپێدان بەسەر 15 بەشدا دابەش دەکرێت و بە 11 پارێزگای عێراق تێدەپەڕێت؛ لە بەسرە دەستپێدەکات و لە پێشابوور بە تورکیا دەبەسترێتەوە.
 
رێگەی گەشەپێدان شەمەندەفەر لەخۆدەگرێت کە بەخێرایی 140 بۆ 160 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەڕوات بۆ گواستنەوەی کاڵاکان.
 
هەر لەو سەردانەدا، وەزیری بازرگانیی تورکیا زیادکردنی جووڵەی بازرگانی و بەڵێندەرانی تورکیا لە عێراق تاوتوێ دەکات. لە بەغدا بە ئامادەبوونی عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانیی تورکیا، محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان و بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کۆمپانیاکانی تورکیا دەکرێت.
 
هەروەها ئەنجوومەنی کاری عێراقی- تورکیا و یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکان و یەکێتیی پیشەسازیی و یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق کۆدەبنەوە.
 
بۆلات دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی، لەگەڵ ئەسیر داود غرێری، وەزیری بازرگانیی عێراق و رەزاق محێبس سەعداوی، وەزیری گواستنەوەی عێراق، کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵی دەکەن، هەروەها رۆژی سێشەممە، 19ـی مانگ لەگەڵ ئەسعەد عێدانی، پارێزگاری بەسرە لە بەسرە کۆدەبێتەوە.
 
لە ماوەی مانگی کانوونی دووەم تاوەکو تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، هەناردەی تورکیا بۆ عێراق بەراورد بە هەمان ماوەی پار، 5.3٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 10.8 ملیار دۆلار. لەماوەی ئاماژەپێکراودا هاوردەکردن لە عێراقەوە 41٪ کەمیکردووە و گەیشتووەتە 3.7 ملیار دۆلار. قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی 14.5 ملیار دۆلار بووە.
 
تاوەکو ئێستا یەک هەزار و 111 پڕۆژە بە بەهای 34.9 ملیار دۆلار لەلایەن کۆمپانیا بەڵێندەرەکانی تورکیاوە لە عێراق ئەنجامدراون. ئەم ژمارەیە عێراقی کردە سێیەم وڵاتی جیهان کە زۆرترین پڕۆژەی لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکانەوە ئەنجامدرابێت. 
 
نیسانی ئەم ساڵ، تورکیا و عێراق 26 رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد؛ شەشیان تایبەت بوون بە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان، کشتوکاڵ و ئاو.
 
بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا لە ساڵی 2021 بریتی بووە لە 19.5 ملیار دۆلار. ساڵی 2021 تورکیا بایی 12 ملیار دۆلار هەناردەی بۆ باشووری کوردستان و عێراق کردووە. 
 
قەبارەى ئاڵوگۆڕى ساڵانەى بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا ئێستا نزیکەی 20 ملیار دۆلارە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی خولێکی راهێنان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە هەولێر لە ساڵی 2023. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

عێراق خولێکى سەربازیى هەزار کەسى دەکاتەوە و هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە

وەزارەتى بەرگریی عێراق خولێکى نوێى ئەفسەران دەکاتەوە بۆ ئەوانەى بڕوانامەى ئامادەییان هەیە، کە نزیکەى هەزار کەس وەردەگرن. بە گوتەى جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق، هاونیشتمانیانى هەرێمى کوردستانیش دەتوانن خۆیان بۆ خولەکە ناونووس بکەن.