نەشتەرگەری چاندنی گلێنە بۆ سێ بەرکەوتەی کیمیاییەکەی هەڵەبجە دەکرێت

17-11-2023
زیاد ئیسماعیل
نەشتەرگەری چاندنی گلێنە بۆ بەرکەوتووانی کیمیاییەکەی هەڵەبجە دەکرێت
نەشتەرگەری چاندنی گلێنە بۆ بەرکەوتووانی کیمیاییەکەی هەڵەبجە دەکرێت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە لە نەخۆشخانەی زێن عابدینی کەربەلا، نەشتەرگەری چاندنی گلێنەی چاو بۆ سێ نەخۆش بکرێت، کە 35 ساڵ لەمەوبەر بەر چەکی کیمیایی کەوتوون.
 
ئەوان دوودڵی و ترس بە رووخساریانەوە دیارە، بەڵام بەهیوان دوای ئەو هەموو ساڵە، رووناکی بۆ چاوەکانیان بگەڕێتەوە.
 
عەبدۆ خوری، پزیشکی پسپۆڕی چاو دەڵێت، "ئەمانە بە چەکی کیمیایی وایان لێهاتووە، تووشی تەڵخی گلێنەی چاو بوون، لە ئەنجامی هێرشی کیمیایی شاری هەڵەبجە، بۆمان دەرکەوت پێویستییان بە نەشتەرگەری چاندنی گلێنە هەیە، رێژەی سەرکەوتوویی نەشتەرگەرییەکە 80% بۆ 90%ـە.
 
100 بەرکەوتەی کیمیابارانی هەڵەبجە پێویستییان بە نەشتەرگەری چاوە. دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی یاسایی،  بڕیاریدا 19 لەوانەی پێویستییان بە نەشتەرگەری گلێنەی چاوە بنێردرێنە نەخۆشخانەی زێن عابدینی کەربەلا کە سەر بە عەتەبەی حوسێنییە. بەڵام تەنیا حەوتیان ئامادەبوون لەوێ نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت. لەو ژمارەیەش، یەکێکیان لەوێ پەشیمان بووەوە و پزیشکان بە سێ کەسی دیکەشیان گوت، نەشتەرگەرییەکەیان بۆ گونجاو نییە.
 
حەمە ئەمین محەممەد، بەرکەوتەی چەکی کیمیایی باس لەوە دەکات، سێ ئەندامی یەک خێزانن، پێشتر لە تاران نەشتەرگەرییان بۆ کراوە، بەڵام چاویان نەک باش نەبوونەتەوە، هیوایان ئەوەیە لانیکەم لە نەشتەرگەری دووەم بیناییان بۆ بگەڕێتەوە.
 
لاولاو حەمەڕەشید، بەرکەوتەیەکی دیکەی چەکی کیمیاییە و ئاماژەی بەوە کرد، لیژنە و لیژنەکاری و ترس و پشکنین تەواوبوو. لە کۆتاییدا سێ بەرکەوتەی هەڵەبجە بڕیارە دوای بەکارهێنانی دەرمان و ئامادەیی جەستەیی، نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت.
 
35 ساڵ چاوەڕوانی بەرکەوتووانی چەکی کیمایی لەلایەن ئەو دەوڵەتەی کیمیابارانی کردبوون، ئەوانیان لەجیاتی ئەڵمانیا بۆ کەربەلا نارد. دوودڵی هەندێکیان و لاوازیی کۆئەندامی هەناسە و هەندێک شتی تر، نەشتەرگەریەکانی بۆ هەفتەی داهاتوو دواخست.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە