پارتى موتتەحیدوون داوا لە سەرۆککۆمار دەکات جێبەجێکردنى سزاى لەسێدارەدان رابگرێت

51 خولەک له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پارتى موتتەحیدوونى سوننە، داوا لە سەرۆککۆمارى عێراق دەکات وەک پارێزەرى دەستوور، پرسی یاساى لێبوردنى گشتى یەکلا بکاتەوە و سەرجەم بڕیارەکانى لەسێدارەدان رابگرێت. 
 
پارتى موتتەحیدوون، کە ئوسامە نوجێفى سەرۆکى پێشووترى پەرلەمانى عێراق سەرۆکایەتى دەکات، ئەم هەڵوێستەى لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ى تشرینى یەکەم بڵاوکردەوە. 
 
پارتى موتتەحیدوون داواى کردووە ئەو کەسانەى سزاى لەسێدارەدانیان دراوە، جارێکى دیکە دۆسیەکان بگەڕێندرێتەوە بۆ لێکۆڵینە و بخرێنەوە بەردەم دادگە.
 
ئەو روونکردنەوەیەى پارتە سوننییەکە لەکاتێکدابوو سەرۆکایەتیى کۆمار لە روونکردنەوەیەکدا رەتیکردەوە واژۆ لەسەر جێبەجێکردنى سزاى لەسێدارەدانى بەکۆمەڵ کرابێت و ئەو دەنگۆیەى نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى بە ناڕاست ناوبرد. 
 
لە راگەیێندراوەکەى پارتى موتتەحیدوون دا هاتووە: "بەداخەوە دەڵێین کە یاساى لێبوردنى گشتى تاوەکو ئێستا دەرنەکراوە، بەهۆى کورتبینى و نەبوونى ئیرادەى نیشتمانى، زیادبوونى جێبەجێکردنى سزاکانى لەسێدارەدان بەشێوەیەکن، ئاماژەن بۆ نەبوونى بەرپرسیارێتى بەرامبەر بە دادوەرى".
 
هەموارى دووەمى یاسای لێبووردنى گشتى ساڵى 2016، خوێندنەوەى یەکەم و دووەمى لە پەرلەمان بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانى ماوە. 
 
ئەو هەموارە یەکێک بوو لە داواکاریى سەرەکیى سوننەکان، کە پێیان وایە ژمارەک لە هاووڵاتیانیان لە گرتووخانەکان بەبێ پاساوى یاسایی دەستگیرکراون و هەندێکى دیکەیان سزا دراون و پێویستە پێداچوونەوە بە دۆسیەکانیاندا بکرێت. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە