لە نەینەوا هاوردەکردنی توکتوک قەدەخە کرا

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە بڕیاری پارێزگاری نەینەوا، هاوردەکردنی توکتوک بۆ نێو پارێزگاکە قەدەخە دەکرێت، پارێزگار دەڵێت، بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و تێکنەچوونی سەلیقەی گشتیی ئەو بڕیارەیان داوە. 
 
توکتوک، ماتۆڕسیکلێکی سێ تایەیە، ئێستا بەغداـی پایتەختی عێراقی تەنیوە. سەرچاوەی سەرەکی هاوردەکردنی توکتوک هیندستان و چینە، نرخەکەشی لەنێوان دوو بۆ چوار هەزار دۆلارە.
 
بەگوێرەی نووسراوێک، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، رۆژی 15ـی ئەم مانگە، عەبدولقادر دەخیل پارێزگاری نەینەوا، نووسراوی بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، فەرماندەیی پۆلیس، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ، قایمقامیەتی قەزای موسڵ، بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی ناوچەی باکوور- نەینەوا و ژووری بازرگانیی موسڵ کردووە، کە تێیدا هاوردەکردنی توکتوکی بۆ نێو پارێزگاکە قەدەخە کردووە.
 
پارێزگاری موسڵ هۆکاری بڕیارەکەی "بۆ پاراستنی  گیانی هاووڵاتیان" گەڕاندووەتەوە، بەوپێیەی توکتوک هیچ جۆرە ستسمتێکی سەلامەتی و پاراستنی نییە و "دەبنەوە هۆی دروستبوونی رووداوی هاتووچۆ، سەلیقەی گشتیی تێکدەدات و کارێکی شارستانیش نییە."
 
محەممەد جاسم، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 17-10-2024 ) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شەقامەکانی موسڵ تەسکن، قەرەباڵخییەکی زۆریش هەیە، هەروەها سیمایەکی جوان و شارستانی بە شار نادات، بۆیە پارێزگار ئەو بڕیارەی داوە، ئەمڕۆش لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەو بابەتە تاوتوێ دەکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە