بۆچی بەرهەم ساڵح بەشداریی رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نەکرد؟


رووداو دیجیتاڵ

بەرهەم ساڵح بەهۆی ئەوەی بەفەرمی بانگهێشت نەکرابوو، بەشداریی رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆماری نوێی عێراقی نەکرد. راوێژکاری لەتیف رەشیدیش دەڵێت، چاوەڕێ بوون بەشداری بکات، چونکە "ئەوان خۆیان خاوەن ماڵن".
 
رۆژی دووشەممە 17-10-2022 رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری نوێی عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا  بەڕێوەچوو، بەڵام بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە رێوڕەسمەکەدا ئامادە نەبوو.
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو کە لە سەرچاوەیەکی نزیک لە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق دەستی کەوتووە، بەرهەم ساڵح بۆ رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری نوێی عێراق بەفەرمی بانگهێشتنەکراوە، تەنانەت ئاگاداری کات و رۆژی رێوڕەسمەکەش نەبوون.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بڕیار بووە دوێنێ رێوڕەسمەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی 16ی ئۆکتۆبەر بووە و هاوکات بووە لەگەڵ رێکەوتی رووداوەکانی ساڵی 2017، رێوڕەسمەکە رۆژێک دواخراوە.
 
لە رێوڕەسمەکەدا فوئاد مەعسوم، سەرۆککۆماری پێشووتری عێراق، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەكێتی هەروەها سەرۆکی فراکسیۆنەکان دیکەش بەشدار بوون. 
 
عەبدوڵڵا عەلیاوایی، راوێژکاری لەتیف رەشید لەبارەی هۆکاری بانگهێشتنەکردنی بەرهەم ساڵح بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆککۆماری پێشوویان بانگهێشت نەکردووە چونکە، "ئەوان خۆیان خاوەن ماڵن" و چاوەڕێیان کردووە بەشدار بن.
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو کە لە سەرچاوەیەکی نزیکی بەرهەم ساڵح دەستی کەوتووە، بەرهەم ساڵح هیچ گرفتێکی لەگەڵ لەتیف رەشید نییە، تەنانەت یەکەم کەس بووە کە پیرۆزبایی لێکردووە.
 
 
لەتیف رەشید لە یەکەم لێدوانیدا دوای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆککۆمار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەم زووانە بەرنامەی کار و بەرپرسیارێتییەکانی بڵاو دەکاتەوە.
 
دەستبەکاربوونی لەتیف رەشید وەک سەرۆککۆمار دوای ئەوە هات رۆژی 13ی تشرینی یەکەم پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ کۆبووەوە. 
 
لەتیف رەشید دەبێتە چوارەم کەسایەتى سیاسیی کورد کە لە ساڵى 2003 ئەو پۆستە وەربگرێت، دوای هەریەک لە جەلال تاڵەبانى، فوئاد مەعسووم و بەرهەم ساڵح پێشتر سەرۆککۆمار بوون.
 
رۆژی 13-10-2022 پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆبووەوە و لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا هیچ کام لە بەربژێرەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنن. لە گەڕی دووەمدا 269 ئەندامی پەرلەمان ئامادە بوون و د. لەتیف رەشید بە دەنگی 162 پەرلەمانتار وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق هەڵبژێردرا. د. بەرهەم ساڵحیش 99 دەنگی بردەوە؛ 8 دەنگی بەتاڵیش هەبوون.
 
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا بەشدار بووە لە ئامادەکردنی ئەم هەواڵە