محەممەد شیاع سوودانی بۆ پێکهێنانی حکومەت هەوڵی رازیکردنی کورد، شیعە و سوننە دەدات

17-10-2022
رووداو @Rudawkurdish
محەممەد شیاع سوودانی
محەممەد شیاع سوودانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

قۆناخە گەورە و سەختەکەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق بڕدرا و سەرۆککۆمارە کوردەکە لە تەختی کۆشکی کۆماری دانیشت. ئێستا ئەرکە سەختەکە کەوتووەتە سەر شانی محەممەد شیاع سوودانی بۆ پێکهێنانی حکومەت و رازیکردنی هەر سێ لایەنی سەرەکیی شیعە، سوننە و کورد بە سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانەوە.
 
کورد، چاوی لەوەیە پۆستەکانی حکومەت بەپێی ژمارەی کورسییەکانی وەربگرێت. رۆژی 13-10-2022 شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "پێش کەمکردنەوەی وەزارەتەکان لە کابینەکەی عەبادی شەش وەزارەتمان هەبوو، دوای ئەوەی وەزارەتەکانی کەمکردەوە چوار وەزارەتمان هەبوو. ئێستاش بەرکەوتەی کورد بەلایەنی کەمەوە چوار وەزارەت دەبێت، ئەگەر وەزارەتەکان زیاد نەکرێت. بابەتەکە هەر وەزارەتەکانیش نییە، هەندێک پۆستمان هەیە دەستەن پلەی وەزیری هەیە، زۆریشن. ئەوانەش دەبێت پشکی کوردی تێدابێت، هەروەها لە دامەزراوە ئەمنییەکانیش."
 
جگە لە پۆستی سەرۆککۆمار، لە حکومەت و پەرلەماندا چوار وەزیر، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، ئەمینداری گشتیی پەرلەمان، جێگری ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران و سوپاسالاری عێراق لەگەڵ دەیان پۆستی دیکە بەرکەوتەی هەرێمی کوردستانن و حیزبەکانیش بەپێی رێککەوتن و ژمارەی کورسییەکانیان، پۆستەکان دابەش دەکەن.
 
رێککەوتنی نێوان کورد و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە پاکێجێکی دوو لاپەڕەییدا نووسراوەتە و دوو وێنەی هەیە، بە گوتەی ماجید شنگالی، یەکێکیان لای سەرۆک مەسعود بارزانییە و بڕیارە رۆژی دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکومەت لە پەرلەمان بخوێندرێتەوە و دەنگی لەسەر بدرێت.
 
رۆژی 26-09-2022 فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە رووداوی گوت، "هەموو ئەو کێشانەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەن، هیچ کێشەیەک نییە لەو بەرنامە نوێیەدا باس نەکرابێت."
 
هەمان رۆژی سەرکەوتنی لەتیف رەشید و وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار، محەممەد شیاع سوودانی بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردرا و دەبێت لە 27 رۆژی داهاتوودا، کابینەکەی پێکبهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە