راوێژکارێکی سوودانی پارتێکی سیاسی دادەمەزرێنێت

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق پارتێکی سیاسی بەناوی (یەکێتیی رۆڵەکانی عێراق) دادەمەزرێنێت. 
 
ئەنوەر نەدا لهێبی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری هۆزەکان رۆژی سێشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ پارتێکی سیاسیی دیکەی سوننە بەناوی یەکێتیی رۆڵەکانی عێراقمان دامەزراند. ئامانج لەم کارەمان هێنانی رووخساری نوێ و گەنجە بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسی؛ هەروەها ئامانجمان خزمەتکردنی زیاتری پارێزگاکانی رزگاربووە لە دەستی داعش و پارێزگا زۆرینە سوننەنشینەکان بەگشتی".
 
ئەنوەر لهێبی گوتی، "هێشتا پارێزگا سوننەنشینەکان لە عێراق بەدەست پەراوێزخستنەوە دەناڵێنێنن و پێویستیان بە تەرخانکردنی پارەی زیاتر و خزمەتگوزاریی زۆرترە."
 
ئەنوەر لهێبی ئاماژەی بەوە کرد، پارتە سیاسییەکە بۆ "پاراستنی سیستمی دیموکراسییە لە عێراق؛ دەمانەوێت پێکەوە کاربکەین لەپێناو عێراق و خزمەتکردنی هاووڵاتیان".
 
پارتی یەکێتیی رۆڵەکانی عێراق بەپێی یاسای پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی عێراق ژمارە 36ـی ساڵی 2015 دامەزراوە.