پەرلەمانتارێک: لە ناوەڕاست و باشوورى عێراق بە ژەهر راوەماسی دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت، لە هەندێک ناوچەى ناوەڕاست و باشوور بە ژەهر راوەماسی دەکرێت، ئەمەش کاریگەریى لەسەر بەرهەمى ماسی و تەندروستیی هاووڵاتییان دەبێت. سەرۆکى کۆمەڵەى بەخێوکارانى ماسی ئاماژە بەوە دەکات، ئەو جۆرە راوە لە شەودا دەکرێت و ماسیی بچووک و گەورە پێکەوە قڕ دەکات.
 
سائیر جبوورى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى پارێزگاى بابل بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لە پارێزگاکانى ناوەڕاست و باشوور هەندێک لە ماسیگران بە ژەهر ماسی لە رووبارەکان راو دەکەن، ئەوەش کاریگەریى لەسەر بەرهەمى ماسی و تەندروستیى مرۆڤیش دەبێت."
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "پێشتر رێوشوێنى تووند لە دژى ئەوانە دەگیرایەبەر کە بەو شێوەیە راویان دەکرد، کە بەندکردنى ماسیگرەکە و دەستگرتن بوو بەسەر کەلوپەلەکانیدا، بەڵام ئێستا رێوشوێنەکان لە دژیان و چاودێریى لایەنە پەیوەندیدارەکانیش کەمبوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە راوکردنى ماسی بە ژەهر ببێتە کارێکى ئاسایی."
 
یەکێک لەو شوێنانەى گومان دەکرێت ئەو جۆرە راوەماسییەى تێدا بکرێت، پارێزگاى دیوانیەیە. بەگوێرەى میدیاى فەرمیی عێراق، بەڕێوەبەرایەتى ژینگەى شارەکە لەوە ئاگادار کراوەتەوە کە راوکردنى ماسی بە ژەهر بەردەوامە و چەندین سکاڵایان لەو بارەیەوە پێگەیشتووە و ماسیگرانى ئاگادار کردووەتەوە کە ئەگەر ئەو کارە بکەن، رێوشوێنى یاسایی لە دژیان دەگرنەبەر.
 
ئەیاد تاڵبی، سەرۆکى کۆمەڵەى بەخێوکارانى ماسی لە عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو جۆرە راوکردنە زیاتر لە شەواندا دەکرێت، بەتایبەت لەو شوێنانەى دوورن لە چاودێری. ئەوە جۆرێکە لە راوکردنى نەشیاو کە ماسی گەورە و بچووک پێکەوە قڕ دەکات."
 
بەگوێرەى ئامارەکانى کۆمەڵەى بەخێوکارانى ماسی لە عێراق، بەرهەمى ئەم ساڵى ماسی لە حەوزە مۆڵەتپێدراوەکان، نزیکەى 200 هەزار تۆن بووە.