عێراق تیمی پزیشکی و فریاگوزاریی بەپەلە بۆ لوبنان دەنێرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا تیمی پزیشکی و فریاگوزاریی رەوانەی لوبنان بکرێت. گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، ئەوەی ئەمڕۆ روویدا و هەڕەشەکانی ئیسرائیل "پێویستیان بە دەستوەردانێکی بەپەلەی نێودەوڵەتی هەیە".
ئەمشەو باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بۆ گەیاندنی هاوکاریی بەپەلە و خێرا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا تیمی پزیشکی و فریاگوزاری رەوانەی لوبنان بکرێت، ئەوەش بۆ کەمکردنەوە ئازاری بریندارانی سڤیلی لوبنان".
باسم عەوادی دەڵێت، "حکومەتی عێراق بەدواداچوون دەکات بۆ پێشهاتە ئەمنییە مەترسیدارەکانی لوبنان و هێرشی زایۆنی کە بەهۆیەوە شەهید و برینداربوونی زۆری خەڵکی مەدەنی لێکەوتەوە."
باسم عەوادی باس لەوە دەکات، ئەو رووداوەی ئەمڕۆ روویدا، "لەگەڵ هەڕەشە و پەلامارەکانی زایۆنی داگیرکەر، هەڕەشەکردنی بە ئەنجامدانی هێرشی فراوان بۆ سەر لوبنان، پێویستی بە دەستوەردانێکی بەپەلەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی رێگری لە چوونی دۆخەکە بەرەو فراوانبوونی بازنەی جەنگ بکرێت ".
گوتەبێژەکەی حکومەتی عێراق دەڵێت، "چەندین مانگە خەڵکی کەرتی غەززە و خەڵکی سڤیلی کەرتی رۆژئاوا و باشووری لوبنان دەکرێنە ئامانج و ئەوەش کارەساتی لێکەوتووەتەوە".
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەتان ئامێری پەیوەندی ناسراو بە پەیجەر کە لەلایەن ئەندام و چەکدارانی حیزبوڵڵا و بەشێکی خەڵکی لوبنان بەکاردەهێندرێن، تەقینەوە و بەو هۆیەوە دوو هەزار و 800 کەس برینداربوون و هەشت کەسیش گیانیان لەدەستدا.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بەهۆی برینداربوونیانەوە روویان لە نەخۆشخانەکانی لوبنان کردووە. لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە برینەکانیان بەهۆی تەقینەوەی ئامێرێکی وایەرلێسەوە بووە. داوا لە سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەکەین کە ئەو ئامێرەیان هەیە، خۆیان لە بەکارهێنانی بەدوور بگرن."
یەکێک لە بریندارەکان باڵیۆزی ئێران لە بەیرووت، موجتەبا ئەمانییە. میدیای فەرمیی ئێران باس لەوە دەکات، برینەکەی سووکە.
لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی غەززە لە ئۆکتۆبەری پار، حیزبوڵڵای لوبنان ئەندامانی ئاگادار کردەوە زۆر مۆبایل بەکارنەهێنن و لەبری ئەوە، سیستمی پەیوەندی نێوخۆیی گرووپەکە بەکاربهێنن، ئەوەش وەکو رێکارێک بۆ خۆپاراستن لە هاککەرانی ئیسرائیل.