مووچەی کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش لە ناوچە دابڕاوەکان لە 500 هەزارەوە بۆ 1.2 ملیۆن دینار زیاد دەکات

 
رووداو - بەغدا

پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر پرۆژەیاسای دەزگای شەهیدانی عێراق دا؛ ‎بەگوێرەی هەموارەکە، ئەو پێشمەرگە و هێزە ئەمنییانەی لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان شەهیدبوون، مووچەکانیان دەچێتە سەر حکومەتی عێراق و کەمترین مووچەیان دەبێتە 1.2 ملیۆن دینار.
 
شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "سەرجەم شەهیدانی دەستی داعش، شەهیدانی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان، ئەوانەی دەکەونە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، سەرجەم ئیمتیازاتیان بە مووچەکانیشیانەوە بە سەرجەم ئەو ئیمتیازاتانەی بەگوێرەی ئەم یاسایە، یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2016ی دەستگای شەهیدان، فەراهەم کراوە بۆ سەرجەم شەهیدانی عێراق، ئەو شەهیدانەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە."
 
ژمارەی ئەو پێشمەرگە و هێزە ئەمنییانەی ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە، 1285 کەسن، کە لە وەزارەتی شەهیدانی هەرێمی کوردستان ناویان تۆمار کراون.
 
کوردۆ عومەر، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، هەموو کوتلە کوردییەکان داکۆکییەکی سەرسەختی ئەوە بوون، کە ئەو پێشمەرگانەی کە لەکاتی شەری داعش و پێشتریش کە شەهید بوون لە پارێزگاریکردنی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی شەهیدانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، ئەمڕۆ خۆشبەختانە ئەمە جێبەجێ کرا.
 
کۆی گشتیی هەموارەکە لە 17 ماددە پێکهاتووە، هەر بەپێی هەموارەکە، ئەو هێزە ئەمنییانەی لە خاکی کوردستان شەهید بوون، کەسوکاریان دانیشتووی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە و مووچە لە وەزارەتی شەهیدانی کوردستان وەردەگرن، هەمان ئیمتیازاتەکانی شەهیدانی عێراقیان پێدەدرێت.