ئاگرەکەی وێستگەی کارەبای زەعفەرانییەی بەغدا کۆنترۆڵکرا

رووداو دیجیتاڵ 

ئاگرەکەی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای باشووری بەغدا کە ناسراوە بە (وێستگەی زەعفەرانییە) کۆنترۆڵکرا. بەرگریی شارستانی دەڵێت، سەرجەم کارمەندەکانی وێستگەکەیان رزگارکردووە و ئاگرەکەش زیانی گیانی نەبووە.

بەیانی رۆژی سێشەممە ئاگرێکی گەورە لە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای باشووری بەغدا کەوتەوە.
 
نەواس سەباح شاکر، هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق ئێوارەی رۆژی سێشەممە 17-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاگرەکە لە کێبڵەکانی تایبەت بە یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبای وێستگەکە کەوتەوە. دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیان ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن و تەواوی کارمەندەکانی وێستگەکەش رزگار بکەن".
 
نەواس سەباح شاکر دەڵێت، "لەگەڵ رزگارکردنی کارمەندەکان، پڕۆسەی چوونە نێو وێستگەکە و کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەستپێکرد. تیمی پسپۆر بەشداربوو لە نەهێشتنی مەترسییەکانی سەر سیستمەکە و تۆڕی کارەبا. وەک هەنگاوێکی پێشگرتن لە هەر رووداوێکیش سەرەتا وێستگەکە بە تەواوی کوژێندرایەوە بۆ ئەوەی هیچ زیانێک لە سیستم و تۆڕی کارەبا نەدات لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا".
 
هاوئاهەنگیکارى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیی عێراق گوتی، کوژاندنەوەی ئاگرەکە و ساردنەوەی شوێنەکە بێ هیچ زیانێکی گیانی تەواو بووە، رێگریش کراوە لەوەی زیانە مادییەکان زیاتر بن.
 
موحسین کازم، بەڕێوەبەری گشتیی بەرگریى شارستانیی عێراق رۆژی 12-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 8 هەزار و 850 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، تۆمارکراون.