گواستنەوەی عێراق بۆ رووداو: لە سبەیەوە دەست بە گەڕاندنەوەی عومرەکارە گیرخواردووەکان دەکرێت

17-09-2024
نەهرۆ محەممەد
فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە و یەکێک لەو عومرەکارانەی لە سعودییە گیریان خواردووە
فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە و یەکێک لەو عومرەکارانەی لە سعودییە گیریان خواردووە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، هێڵی ئاسمانیی عێراقییە لە سبەیەوە دەست بە گەڕاندنەوەی عومرەکارە گیرخواردووەکانی سعودیە دەکات. 
 
رۆژی سێشەممە، 17-09-2024، مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سبەی چوارشەممەوە هێڵی ئاسمانیی عێراقییە دەست دەکات بە گەڕاندنەوەی ئەو عومرەکارانەی چەند رۆژێکە لە سعودیە گیریان خواردووە".
 
مەیسەم سافی دەڵێت، "هێڵی ئاسمانیی عێراقییە ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی پێکهێناوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە. لە سبەی چوارشەممەوە گەڕاندنەوەی ئەو عومرەکانە لە فڕۆکەخانەکانی سعودیەوە بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق دەستپێدەکات".
 
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە؛ هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە. 
 
لێدوانەکە لە کاتێکدایە رۆژی سێشەممە رێبوار ئازاد، بەرێوەبەری کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "چوار رۆژە کێشە بۆ گەڕانەوەی عومرەکارانی هەرێمی کوردستان لە سعودیەوە دروستبووە".
 
بە گوتەی رێبوار ئازاد، "کێشەکە بەهۆی ئەوەوە دروستبووە کە هێڵی ئاسمانیی عێراقی فڕۆکەی بەردەست نییە بۆ گەڕاندنەوەیان. بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی کوردستان لەگەڵیان لەسەر هێڵە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە."
 
ئەو بەرپرسەی کۆمەڵەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، دەبوو رۆژانی شەممە و یەکشەممە دەست بە گەڕاندنەوەی عومرەکاران بکرێت و بە چەند کاروانێک رۆژانە 420 کەس لەو عومرەکارانە بگەڕێنەوە.
 
بەرنامەی بەرپرسیاری رووداو کە رۆژانە کاژێر 17:00 پەخشدەکرێت، رۆژی 17ـی ئەیلوول تایبەتکرابوو بەو پرسە، هیمداد عەبدوڵڵا، یەکێک لە عومرەکارانی کورد لە سعودیە، لە بەرنامەکەدا گوتی: "لە مەککە گیرمانخواردووە، هاوژینەکەم نەخۆشە و ناتوانم بە رێگەی وشکانی بگەڕێمەوە هەرێمی کوردستان. فڕۆکە نییە و ناتوانین بگەڕێینەوە."
 
نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ""نزیکەی دوو هەزار عومرەکارمان لە سعودیەن. لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی عێراقی و حەج و عومرەی عێراقی لەسەر هێڵین. کێشەکە ناڕێکی لە خشتەی گەشتەکانە و هەڵەیەک روویداوە."
 
رێبوار ئازاد، بەرێوەبەری کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەگەر لەڕێگەی ئاسمانیشەوە نەبێ، دەتوانین عومرەکاران لەڕێگەی وشکانییەوە بگەڕێنینەوە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق.

وەزارەتی نەوتی عێراق: لە مانگی 11 نزیکەی 99 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری ناردنە دەرەوەی نەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ راگەیاند. بەپێی ئاماری کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کۆی گشتیی ناردنە دەرەوەی نەوتی خاو گەیشتە 98 ملیۆن و 869 هەزار و 824 بەرمیل.