شوان محەممەد: مووچەی شەهیدانی پێشمەرگەی ناوچە کوردستانییەکان هاوتای عێراق دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە دانیشتنی پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای هەمواری دەزگەی شەهیدانی عێراق درا. جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمان دەڵێت، مووچەی شەهیدانی پێشمەرگەی ناوچە کوردستانییەکان هاوتای عێراق دەکرێت. گوتیشی: "کار لەسەر سێ پڕۆژەیاسای گرنگی دیکەش دەکەین."
رۆژی سێشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2024، شوان محەممەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە درا و توانیمان دوو بڕگەی بۆ زیاد بکەین کە لە بەرژەوەندی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانن."
شوان محەممەد ئاماژەی بەوەکردووە، "لە مادەی یەکەم بڕگەیەکمان زیادکردووە کە ئەم بڕگەیە لە رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان هاتووە، لە بڕگەکەدا سەرجەم شەهیدانی شەڕی داعش و پێشمەرگەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوی ئیدارەی هەرێمی کوردستان مووچە و ئیمتیازاتانەی بۆ شەهیدانی عێراق تەرخان کراون بۆ ئەوانیش بکرێت."
هاوتاکردنی ئەو ئیمتیازاتانە بە گوتەی جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان بەو شێوەیەیە: "هەر پێشمەرگەیەکی شەهید لەو سنوورە کە پلەیەکی ئاسایی هەبووە، مووچەکەی لە 500 هەزارەوە بۆ ملیۆنێک و 200 هەزار بەرز دەکرێتەوە، بەرزبوونەوەی مووچەکەش بە گوێرەی پلەی سەربازی دەبێت."
گوتیشی، "بڕگەی دووەمیشمان لە مادەی 20م زیادکرد، کە سەرجەم ئەو شەهیدانەی لە 18ـی 2ـی 1963 تاوەکو 11ـی 8ـی 1963، هەروەها 17ـی 7ـی 1968 تاکو 8ـی 4ـی 2003، ئەو شەهیدانەی کە لەسەر وەزارەتی شەهیدان تۆمارکراون و وارسەکانیان نیشتەجێی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کورسدستانن کۆمەڵێک ئیمتیازاتی مەعنەویی دەیانگرێتەوە."
سەبارەت بەو ئیمتیازاتانەی کە بە وارسی شەهیدانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەدرێت، شوان محەممەد، باسی لەوەکرد کە هەریەکە لە؛ "پێدانی مەدالیای شەهید بوون لە سەرۆکایەتیی کۆمارەوە؛ میراسی شەهید لە کۆمەڵێکی زۆر باج دەبەخشرێت؛ وارسەکانی شەهید کە فەرمانبەر بن دەتوانن بە ئاسانی خۆیان لە وەزارەتێکەوە بۆ وەزارەتێکی تر بگوازنەوە؛ لە 10٪ـی کورسییەکانی خویندنی باڵا بەدەر دەکرێن لە رێنماییەکانی وەرگرتن؛ وەزارەتی خوێندنی باڵا پابەند دەکرێت بە پێدانی لە پێشینە بۆ کەسوکاری شەهیدان لە حاڵەتی پێشبڕکێ لەسەر یەک کورسی خوێندن بە رەزامەندی پێدان لەسەر مۆڵەتی خوێندن لە خوێندنی باڵا، هەروەها بەخشینی وارسی شەهیدان لە مەرجی تەمەن، نمرە و خزمەت بۆ وەرگرتنیان لە پەیمانگا و زانکۆ و خوێندنی باڵا لەگەڵ کۆمەڵێک ئیمتیازاتی دیکە."
جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان ئاماژەی بەوەش دا، "سێ پڕۆژە یاسای گرنگی دیکەش کە یەکێکیان قەرەبوو کردنەوەی زیانلێکەوتووانی سەردەمی بەعسە لەبەردەستمانە و لە پەرلەمان تێی دەپەڕێنین. جگە لەوە هەوڵیش دەدەین زیندانە سیاسییەکانیش یەکبخەین و کێشەی هەڵنەدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش بەتەواوی چارەسەر بکەین."