شاندێکی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی مووچە کۆدەبنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ سێشەممە، کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو دەستپێدەکات.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان رووداو، شاندەکە گفتوگۆ لەسەر وردەکارییەکان، جێبەجێکردنی پرۆژەیاسای خانەنشینی، سەرنج و تێبینییەکان و کێشە و گرفتەکان دەکات.
 
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 250 هەزار خانەنشین هەن، کە نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 90 هەزار خانەنشینی سەربازین.
 
مانگێک لەمەوبەر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا بڕیار درا مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای خانەنشینانی عێراق بکرێت.
 
لە مانگی حەوتەوە، بۆ یەکەمین جار یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان کەوتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
رۆژی سێشەممە 17-09-2024 سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری داوە لیژنەیەک لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی و هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت، کە هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدارە و بڕیارە لیژنە بەمنزیکانە دەستبەکاربێت.
 
ئەندامەکەی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەوەی هەرێمی کوردستان کردوویەتی لە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی مانگی حەوت، یەکلایەنە کردوویەتی، دەبێت بە هاوئاهەنگیی بەغدا بێت.
 
بۆ یەکەمجار، خانەنشینانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی حەوتیان بە هاوتاکراوی مووچەی خانەنشینانی عێراق وەرگرت؛ بەڵام خانەنشینانی سەربازی وەکو پێشتر مووچەیان وەرگرت و تاوەکو ئەمڕۆ روون نییە کەی مووچەکەیان بە هاوتاکراوی وەردەگرن.
 
رۆژی سێشەممە 17-09-2024 سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مانگی حەوت یاسای خانەنشینی جێبەجێکراوە، بەڵام پەلەی تێدا کراوە، بۆیە هەندێک لە خانەنشینان کەمتر لە شایستەی خۆیان و هەندێکی دیکە زیاتریان وەرگرتووە. ئەوانەشی لە پێش 2014 خانەشین بوونە دەرماڵەی بڕوانامە و بژێوی ژیانیان پێنەدراوە.
 
بەگوێرەی یاسا نوێیەکەی عێراق، ئەوانەی پێش ساڵی 2014 خانەنشین کراون، مووچەیان لە 200 هەزار تاوەکو 499 هەزار بێت دەبێتە 500 هەزار و 100 هەزاری پشتیوانیش (مینحە) وەردەگرێت و دەبێتە 600 هەزار دینار.
 
بە گوتەی گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ وردبینی بەغدا، مانگی حەوت مووچەی خانەنشینی دابەشکردووە.
 
سەبارەت بە خانەنشینی سەربازی، سادق عوسمان، گوتی، بۆ مانگیی هەشتیش مووچەی سەربازی هاوتا ناکرێت، چونکە کەموکوڕی تێیدا، خەڵکانێک بەرایی و زانیاریی پێویستیان لە دۆسییەکانیان نییە، هەندێک دیکە بەبڕیارێک مووچەی زۆر وەردەگرن، دەبێ هەموو ئەمانە چارەسەر بکرێت، ئەوەش پێویستی بەکاتە.
 
رۆژی سێشەممە 17-09-2024، ئیسماعیل موخلیس دەرگەڵەیی، جێگری سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی خانەنشینانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندارەکان،  جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی و مووچەی فەرمانبەران تاوتوێ دەکەن.
 
دەرگەڵەیی دەڵێت، کەموکوڕی زۆر لە جێبەجێکردنی یاساکە لە مانگ حەوت هەبووە، بەڵێندراوە چارەسەر بکرێت. راشیگەیاند، یاداشتێکیش دراوەتە لیژنەی باڵای هاوبەشیی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی نێوان هەولێر و بەغدا کە لێژنە بەغدایە، لەبارەی کەموڕییەکانی جێبەجێکردنی یاساکە و داواکراوە،  یاساکە خانەنشینانی پێش 2014ش بگرێتەوە. لیژنە یاداشتەکەی پەسندکردووە، بەڵێنیدا داواکارییەکان جێبەجێبکرێت و یاساکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
 
مووچەی مانگی حەوت، لێبڕینی خانەنشینی لە 7%وە کرایە 10%. 
 
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2014ی پابەند کرد.