ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە

17-09-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
دیمەنێکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە ئەمڕۆ لەلایەن نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە
دیمەنێکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە ئەمڕۆ لەلایەن نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە
نیشانەکردن قەرزی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەستی بە کۆبوونەوە کرد، یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکەش تایبەتە بە بڕیاردان لەبارەی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، پارەکە بە قەرز دەبێت و بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە.
 
بەپێی زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، ''گفتوگۆی تێروتەسەل لەنێوان وەزیرە کوردەکان و وەزیرەکانی دیکەی نێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کراوە بۆ ئەوەی هاوکار بن لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.''
 
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بەیانیی ئەمڕۆ، بە رووداوی گوتبوو لەگەڵ زۆربەی وەزیرەکاندا لە گفتوگۆدان ''بۆ ئەوەی پشتیوانی لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەن و ئەمڕۆ دەنگ لەسەر ئەو بابەتە بدرێت و بەو شێوەیە تێپەڕیت کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا بێت."
 
وەزیری دادی عێراق باسی لەوەش کرد، گەشبینە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیارێک بە ئاراستەی ناردنی شایستەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دەربچێت.
 
پەیامنێری رووداو لە بەغدا هەروەها گوتی، تاوەکو ئەم ساتە، دیار نییە ئەو بڕە پارەیەی بڕیاری لەبارەوە دەدرێت چەندە، بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا یان ئەو 500 ملیار دینارە دەبێت کە پێشتر بڕیاریان داوە، بەڵام بۆ مانگەکانی حەوت و هەشت بەیەک جار دەینێرن، یان بڕیار لە ناردنی 800 ملیار دینار دەدرێت بۆ مووچەی مانگێک، یانیش ئەوەتا بڕیار لەسەر خەرجکردنی تریلیۆنێک و 600 ملیار دینار دەدرێت بۆ مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت.
 
ئەم کۆبوونەوەیەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەکاتێکدایە وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، لەمڕۆوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی دەکرێت، بەڵام فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تائێستا مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابیان وەرنەگرتووە.
 
رۆژی پێنجشەممە 14-09-2023 شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان چووە بەغدا و ژمارەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرە باڵای عێراق و پارتە سیاسییەکان کرد. بەشێک لە تەوەری کۆبوونەوەکانیش شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەنێویشیدا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا.

لە دژی گۆڕانکارییەکانی نەینەوا 20 سکاڵا لە دادگەی کارگێڕی تۆماردەکرێت

بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گۆڕینی سەرۆکی یەکەکانی کارگێڕی، پارێزگاری نەینەوا داوای کۆبوونەوەی وەزیران و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە نوێنەرانی پارێزگاکە دەکات، سەرۆکەکانی ئەو یەکانەی بڕیاری گۆڕینیان بۆ دەرچووە لە دادگەی کارگێڕیی سکاڵا لە دژی دەستەی سەرۆکایەتی و بەتایبەت سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا تۆماردەکەن.