چلەی ئیمام حوسێن بە بەشداریی ملیۆنان زیارەتکاری شیعە لە کەربەلا بەڕێوەچوو
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە، زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار زیارەتکار بەشداریی رێورەسمی چلەی کوژرانی ئیمام حوسێنیان کرد. هەروەها چەندین کاژێر زیارەتکاران، لە خۆیاندا و شینیان بۆ کوژرانی ئیمام حوسێن و عەباسی برای کرد. دەشڵێن، هەستێکیان هەیە کە ناتوانن گوزارشتی لێبکەن.
سابر سەماوەیی، کەسایەتییەکی ئایینییە بۆ بەشداریی لە چلەی کوژرانی ئیمام حوسێن چووەتە کەربەلا و بە رووداوی گوت: ئێمە هەموو ساڵێک بەشدار دەبین و لەم رێوڕەسمەدا نهێنی زۆر دەبینین، ناتوانین گوزارشت لە هەستمان بکەین، کاتێک کەسێک ئەم ژمارەیە دەبینێت ئەگەر چاویشی داخرابێت، دەزانێت ئەمە پیرۆزی و کەرامەتێکە کە شایەنی پاراستنی زیارەتکارانە.
یەکەمجارە زیارەتکارانی بیانی بەو رێژە زۆرە بەشداریی مانگی موحەڕەم و چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن بکەن. نزیکەی پێنج ملیۆن زیارەتکاری ئێرانی، ئەمساڵ لەنێو زیارەتکارانی چلەکەدا بوون و بەشێکیان دەڵێن، "تەمەن یاوەربێت هەموو ساڵێک بەشداریی رێورەسمەکە دەکەینەوە."
مریەم ئیسماعیل پور، زیارەتکارێکی ئێرانییە و دەڵێت، "سڵاو لە حوسێن، لە نەوەکانی حوسێن، لە هاوەڵانی حوسێن، زۆر دڵخۆشم و زۆر سوپاسی خوا دەکەم کە لەم رۆژە مەزنەدا کە رۆژی چلەیە زیارەتکاری ئیمام حوسێنم، من توانیم لە بری هەموو ئازیزان و ئەوانەی پێویستیانە بێم و بەشداری رێورەسمەکە بکەم."
پەرستۆ عەباس، زیارەتکارێکی دیکەی ئێرانییە و گوتی، "زۆر دڵخۆشم کە یەکەمین گەشتمە، سڵاو لە حوسێن، سڵاو لە حەزرەتی عەباس، پشت بەخوا نۆرەی هەموو ئەوانە دێ کە ئەهلی بەیتیان خۆشدەوێ و حەزیان دەکرد لێرە ئامادەبووبان، زۆر دڵخۆشم، ئەم هەستە بە وشە وەسف ناکرێت."
لە رێورەسمەکەدا هەندێک لە زیارەتکاران لەسەر ئەژنۆ و هەندێکی دیکەشیان لەسەر سینگ دەڕۆیشتن و بەشێکیان بەڕاکردن بەشدارییان لە مەراسیمی چلەی کوژرانی ئیمام حوسێن کرد.