کازمی چەند بڕیارێک لەبارەی زیارەتکارانی ئێرانی دەردەکات

17-09-2021
هێمن عەساف
نیشانەکردن شیعە ئیمام حوسێن ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ شوێنە پیرۆزەکانی شیعەکان و بەشداریکردنیان لە چلە ماتەمینیی ئیمام حوسێندا، چەند بڕیارێکی نوێی دەرکردووە و بەنووسراوێکی فەرمیی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی کردووە. 
 
مستەفا کازمی بڕیاری داوە، زیارەتکارانی ئێرانی تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە گەشت بکەن و سەردانی شوێنە پیرۆزەکان بکەن، نەک دەروازە سنوورییەکان. هەروەها مۆڵەت بە بەشێک لە زیارەتکاران بدرێت لە دوای تەواوبوونی رێوڕەسم و بۆنەکان، لە رێگەی دەروازەی سنووری زرباتییە، بگەڕێنەوە ئێران.
 
هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکارانی ئێرانی لە کاتێکدا وڵاتەکە بە شەپۆلی پێنجەمی کۆرۆنا تێدەپەڕێت، مەترسیی بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنای لە شارێکی وەکو کەربەلای لێدەکرێت کە لە چەند رۆژی داهاتوودا بە سەتان هەزار شیعەی لێ کۆدەبێتەوە. بۆیە کازمی مەرجی داناوە هەر زیارەتکارێک لە ئێرانەوە بێتە عێراق دەبێت پشکنینی کۆرۆنای پێبێت بە مەرجێک 72 کاژێر بەسەر ئەنجامی پشکنینەکە تێپەڕنەبووبێت.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کردووە رێگا بدرێت بەهاتنی 200 بارهەڵگر خۆراک و کەلوپەلی پزیشکی لە ئێرانەوە بۆ عێراق بۆ دابینکردنی خۆراک و خزمەتگوزاریی پزیشکیی بۆ کاروانی زیارەتکارە ئێرانییەکان. شوفێری بارهەڵگرەکانیش بەهەمان میکانیزمی پشکنینی 72 کاژێری "پی سی ئار" رێگەیان پێبدرێت بێنە نێو عێراق. 
 
کازمی داوای لە هەردوو فڕۆکەخانەکانی بەغدا و نەجەف کردووە کە ئاسانکاریی بکەن بۆ نیشتنەوەی خێرای فڕۆکەکانی ئێران کە زیارەتکاران دەگوازنەوە. لەگەڵ یاوەریکردنی هێزێکی تایبەت لەلایەن دەزگای هەواڵگری نیشتمانییەوە بەمەبەستی پاراستنی گیانیان لە فڕۆکەخانەوە بۆ شوێنی مانەوەیان و ئاسانکاریکردن بۆ دەربازبوون لە بازگەکانی نێوان شارەکان. 
 
کازمی هەروەها داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە، کارئاسانی بکەن بۆ هاتنی دوو هەزار زیارەتکاری بیانی بۆ عێراق ئەوانەی لە ئێران نیشتەجێن، ئەویش دوای لێکۆڵینەوەیەکی وردی ئەمنی. 
 
ساڵانە لە ساڵیادی کوژرانی ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی ئەبوو تاڵیب و هەروەها لە چلەی کوژرانەکەیدا، بە سەتان هەزار شیعە لە عێراق و ئێران و وڵاتانی دیکە روو لە شاری کەربەلا دەکەن و بە شین و رۆ ڕۆ و لەخۆدان یادی یەکێک لە 12 ئیمامەکەیان دەکەنەوە.
 
ئەمساڵ چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن دەکەوێتە 27-9-2021 شیعەی شارەکانی عێراق لەوانەش ناسریە هەر لە ئێستاوە بە پیادە بەرەو کەربەلا وەڕێکەوتوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی سووتانی بازاڕی شۆرجە لە بەغدا. وێنە: رووداو

ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی شۆرجەی بەغدا زیانی نیو ملیۆن دۆلاری لێکەوتووەتەوە

ئاگر لە بازاڕی شۆرجە لە ناوەڕاستی بەغدا کەوتەوە، زیاتر لە 40 ئۆتۆمبێلی بەرگریی شارستانی و ئەمیندارێتیی بەغدا بەردەوام هەوڵی کۆنترۆلکردنی ئاگرەکەیان دا، بەڵام ئاگرەکە بۆ زیاتر لە شەش کاژێر بەردەوام بوو و زیانێکی زۆری مادیی لێکەوتەوە