رووداو دیجیتاڵ
دەیان هەزار ماسی لە زۆنگاوی حوێزە لە باشووری عێراق مرداربوون و سەرئاو کەوتوون. بەگوتەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان، هۆکارەکە کەم بەردانەوەی ئاوە.
زۆنگاوی حوێزە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی میسان و بەسرە، درێژییەکەی نزیکەی 80 کیلۆمەتر و پانییەکەی 30 کیلۆمەتر دەبێت.
حوسێن مریانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان، ئەمڕۆ (شەممە، 17-08-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت بەهۆی کەم بەردانەوەی ئاو و کەمبوونەوەی ئۆکسجین لە زۆنگاوی حوێزە، دەیان هەزار ماسی مردار بوون و سەرئاوکەوتوون.
حوسێن مریانی دەڵێت، "لیژنەیەک لێکۆڵینەوەی لە مرداربوونی ماسییەکان کردووە و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی؛ بەهۆی کەمئاوی و نەمانی ئۆکسجینەوە ماسییەکان مردار بوون. ئەوە لەکاتێکدایە حکومەت ملیۆنان پەنجەماسی فڕێداوەتە زۆنگاوەکەوە تاوەکو گەورەبن. ئەوەی روویداوە، کارەساتێکی ژینگەیی و ئابوورییە."
رووبەری زۆنگاوەکە دەگاتە 3000 کیلۆمەتر دووجا لە کاتی هەبوونی ئاوی زۆردا. بەگوێرەی بڕی ئاوی بەردراوە بۆی، رووبەرەکە زیاد و کەم دەکات.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان گوتیشی، پێویستە لە چرکەیەکدا 185 مەتر سێجا ئاویان لە سنووری پارێزگای واسیتەوە بڕواتە پارێزگاکانی خوارووی عێراق، بەڵام ئەوەی ئێستا بەدەستیان دەگات، کەمترە لە 100 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا.
بە گوتەی حوسێن مریانی، کەمیی ئاو گرفتی گەورەی بۆ ناوچە دەشتاییەکان دروستکردووە و تەنانەت چەندین گوندیش ئاویان نییە و بە تانکەر ئاویان بۆ دەچێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ