زیاتر لە ملیۆنێک نەمام لە نەینەوا دەڕوێندرێن
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە ملیۆنێک نەمام لە نەینەوا دەڕوێندرێن و ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای پارێزگاکەش دەڵێت، نەمامەکان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی پارێزگاکە دەڕوێندرێن.
محەممەد جاسم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رۆژی شەممە 17-08-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارە ملیۆنێک بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار نەمام لە سنووری پارێزگای نەینەوا بڕوێندرێن. رۆژی 24ی مانگی 10ی ئەم ساڵیش بۆ دەستکردن بە پڕۆسەکە دیاریکراوە."
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، "نەمامەکان لە هەموو شار و شارۆچکەکانی پارێزگای نەینەوا دەڕوێندرێن. ئەوەی کە پەیوەندی بە شاری موسڵەوە هەیە، زۆرترین نەمام لە دەروازەکانی شارەکە دەڕوێندرێن. بۆ نموونە رێگەی موسڵ - هەولێر و موسڵ- بەغدا."
بە گوتەی محەممەد جاسم، هەندێک وڵاتی دراوسێ و ناوچەکە ئامادەییان دەربڕیوە نەمام بە دیاری پێشکێش بە پارێزگای نەینەوا بکەن، لەوانە ئوردن و ئیمارات.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی، ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەستیپێکردووە و بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەی رابردوو عەبدولقادر دەخیل، پارێزگای نەینەوا سەردانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوایکردووە و ئەو بابەتەی لەگەڵ تاوتوێکردوون.