وەزیرى ناوخۆى عێراق لەسەر ئاهەنگگێڕان ژمارەیەک ئەفسەر خانەنشین دەکات

17-08-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیرى ناوخۆى عێراق بڕیاریدا ژمارەیەک ئەفسەرى وەزارەتەکەى خانەنشین بکات، ئەوەش بە هۆى ئاهەنگێڕانیان لە دواى بڕیارى پلەبەرزکردنەوەیان.
 
17ى ئابى 2023، عەبدولئەمیر شمەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڕیارى خانەنشینکردنى ئەو ئەفسەرانەى دەرکرد. بەگوێرەى بڕیارەکە، دەرکەوتنیان لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا زیانى بە بنەماکانى مامەڵەی پیشەییانە و رێکارەکانى خزمەت گەیاندووە.
 
لە یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا ئەفسەرێک بە جگەرەیەکەوە لەسەر کورسییەک دەردەکەوێت، ئەوەش دوای ئەوەی بڵاوکرایەوە کە پلەکەی بەرزکراوەتەوە و پۆستێکى وەرگرتووە. ئەفسەرێکى دیکە لەگەڵ هاوژینەکەیدا دەردەکەوێت کە ئاهەنگ دەگێڕن، ئەوەش بە بۆنەى بەرزکردنەوەى پلەکەى.
 
وەزیرى ناوخۆى عێراق داواى لە سەرجەم کارمەندان و ئەفسەرانى وەزارەتى ناوخۆ دەکات کە پابەند بن بە مامەڵەی پیشەییانە و هیچ کارێک نەکەن کە زیان بە ناوبانگی وەزارەتەکە بگەیێنێت.
 
بڕیارى خانەنشینکردنی ئەو ئەفسەرانە بە گوێرەى مادەى چوارى یاسای وەزارەتى ناوخۆى ساڵى 2016 بووە و لە رۆژى دەرچوونییەوە کارى پێدەکرێت.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە