کەیسی ژنێک لە گرتووخانەی زەعفەرانییەی بەغدا؛ 'بۆ سکاڵاکردن چووم و ئەشکەنجەیان دام'

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە لە ناوچەی زەعفەرانییەی باشووری بەغدا دەستڕێژی گوللە لە ماڵەکەی کرا، لەمیا بۆ تۆمارکردنی سکاڵا چووە بنکەی پۆلیس، بەڵام لەوێ شۆک بوو کاتێک دۆخەکە پێچەوانە بووەوە.
 
لەمیا حەسەن بە تۆمەتی پیلانگێڕی، شەش رۆژ خرایە بەندیخانە و بە گوتەی خۆی ئەو کاتەی لە بەندیخانەدا بووە، ئەشکەنجە دراوە. 
 
لەمیا حەسەن سالم عوبەیدی، سکاڵاکار بە رووداوی گوت "زۆر بەڕێزەوە چوومە بنکەی پۆلیس. سووکایەتیم بە کەس نەکرد، تەنانەت دەنگیشم بەرز نەکردەوە. چوار شایەتیشم لەگەڵدا بوون. بەڵام شۆک بووم کە بینیم کەیسەکە لەدژی من گۆڕدرا، گوایە جنێوم بە وەزیری ناوخۆ و فەرماندەی پۆلیسی رەسافە داوە."
 
سکاڵاکارەکە هەروەها باسی ئەوە دەکات بە شەق و لێدان دەستبەسەر کراوە "لە حەوتی بەیانییەوە تاوەکو کاتی شەو لەوێ دەستبەسەر کرام. دواتر بۆ شەش رۆژ لە بەندیخانەی ژنان زیندانیان کردم." 
 
شوێنەواری ئازار و ئەشکەنجە بە جەستەی لەمیاوە دیارە و بەهۆیەوە تەندروستیی ناجێگیرە. هەروەها بەهۆی هێرشکردنە سەر ماڵەکەی، وەزارەتی ناوخۆ پاسەوانی بۆ داناوە و دەیپارێزن. 
 
لەمیا دەڵێ لەکاتی ئەشکەنجەدانەکەیدا دوو کەس لەوێ بوون، ''یەکێکیان بەوی دیکەی گوت بەسە، ئەو ژنە لەژێر دەستماندا گیانی دەردەچێت. لەو کاتەی هێرشیانکردە سەرم زەبرێکی بەهێز بە سەرم کەوت، دواتر خوێن لە لووتم بەربوو. بە بۆکس و شەق و پێلەقە هێندەیان لێدام هەموو گیانم ئازاری هەیە. ئێستاش ناتوانم لە ماڵ دەربچم، تەنیا جارێک چوومە نەخۆشخانەی زەعفەرانییە و برینەکانم تیمار کرد."  
 
کەیسی لەمیا و ئازار و ئەشکەنجەدانی لەنێو گرتووخانە، وەزارەتی ناوخۆی ناچارکرد لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ دەرخستنی راستییەکان پێکبهێنێت. دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، راگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە.