عێراق داوای ئاوی زیاتر لە تورکیا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، داوایان لە حکومەتی تورکیا کردووە، ئاوی زیاتریان بۆ بەربداتەوە بۆئەوەی بتوانن ئاستی ئاوی بەنداوی حەدیسە بەزربکەنەوە. 
 
بەنداوی حەدیسە دەکەوێتە سەر رووباری فورات. ساڵی 1986 کرایەوە، توانای گلدانەوەی 8.28 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، جگە لە ئاودێری، 1050 مێگاوات کارەبا لە رێگەی ئەو بەنداوەوە بەرهەمدێت. 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ـی تەممووزی 2024، عۆن زیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، داوایەکیان پێشکێشی حکومەتی تورکیا کردووە بۆ ئەوەی ئاوی زیاتریان بۆ بەربداتەوە بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئاستی کۆگاکراوی بەنداوی حەدیسە. 
 
عۆن زیاب گوتی: "بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانیی ئاو راپۆرتێکی پێشکێشی لایەنی پەیوەندیدار کرد لە حکومەتی تورکیا. تێیدا ئاستی پڕبوونی بەنداوەکانی تورکیا و دۆخی ئاوی کۆگاکراوی بەنداوی حەدیسە روونکردەوە. ئاماژەمان بەوەکرد ئاستی ئاوی کۆگاکراوەکەی بەنداوەکەمان زۆر کەمە و داوامانکرد لە هەر سێ مانگی تەممووز، ئاب و ئەیلوول، ئاوی زیاتر بەربدرێتەوە لەپێناو پڕبوونی ئاستی ئاوەکە." 
 
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان راشیگەیاند، تورکیا بەدواداچوون بۆ داواکەیان دەکات. شاندی هاوبەشی هەمیشەییان هەیە بەردەوام بەدواداچوون بۆ دۆخی ئاوی بەنداوەکان دەکەن. هەروەها لیژنەی کاتی و لاوەکیش هەن کە بەردەوام راسپاردەکانی لیژنە هەمیشەییەکان جێبەجێ دەکەن. 
 
لە ماوەی رابردوودا دووەمین کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی هەمیشەیی لەنێوان عێراق و تورکیا لەبارەی دۆخی ئاو، کرا. وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتی: "بەهۆی بارانی ئەمساڵ دۆخی رووباری دیجلە باشە، بەڵام دۆخی ئاو لە رووباری فورات بە گشتیی و بەنداوی حەدیسە بە تایبەتی خراپە. هیوادارین لایەنی تورکیا بەدەم داواکارییەکەمانەوە بێن و ئاوی زیاترمان بۆ بەربدە." 
 
رۆژی 22ـی نیسانی 2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی بەغدا و دواتریش سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. 27 رێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە سەرجەم بوارەکاندا واژۆکران. بەرچاوترینیان رێککەوتنی ئاو بوو.