دوو ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا: پارێزگار و لایەنەکان کۆدەبنەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سبەی پێنجشەممە پارێزگارى نەینەوا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى پارێزگاکە لەبارەى کێشەى گۆڕانکارییە کارگێڕییەکان کۆببێتەوە.
 
مەحموود جبوورى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە فراکسیۆنى تەقەدووم بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بڕیارە پێنجشەممە عەبدولقادر دەخیل، پارێزگارى نەینەوا لەگەڵ نوێنەرى لایەنە سیاسییەکانى پارێزگاکە لەسەر مێزى گفتوگۆ دابنیشێت بۆ تاوتوێکردنى پرسی گۆڕانکارییە کارگێڕییەکان."
 
ئەو کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوە لە کاتێكدایە، 15ی تەممووز پارێزگاری نەینەوا داوای لە وەزیرەکان و پەرلەمانتارانی پارێزگای نەینەوا کرد، کۆبوونەوەیەک رێکبخەن بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.
 
بانگەواز بۆ ئەو کۆبوونەوەیە بەهۆى دەنگدانى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بوو لەسەر گۆڕانکارى و دانانى سەرۆکى 17 یەکەى کارگێڕى، کە بوونەتە هۆى ناڕەزایی فراکسیۆنى پارتى و هاوپەیمانیى نەینەواى یەکگرتوو، کە دژى ئەو گۆڕانکارییانەن.
 
مەحموود جبوورى دەڵێت، سەرجەم فراکسیۆنەکان پێشوازییان لەو بانگەوازەى پارێزگار کردووە بۆ چارەسەرکرنى کێشەکان.
 
دوو هەفتەیە ئەو گۆڕانکارییە کارگێڕیانە کراون، کە بەگوێرەى یاسای پارێزگاکانى عێراق دەبێت لە 15 رۆژدا پارێزگار رێوشوێن لەو بارەیەوە بگرێتەبەر.
 
محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، 18ى تەممووز کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا هەیە، پێشبینی دەکرێت دواى ئەوە کۆبوونەوە لەگەڵ پارێزگار بکرێت، بەو پێیەى "کۆتایی ئەم هەفتەیە ئەو 15 رۆژە کۆتایی دێت کە لەبەردەم پارێزگاردایە بۆ بڕیاردان لەسەر گۆڕانکارییە کارگێڕییەکان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە