رووداو دیجیتاڵ
ژنێکى دانیشتووی بەغدا بانگەشەى ئەوە دەکات کە لە بنکەیەکى پۆلیس ئەشکەنجە دراوە بە تۆمەتى ئەوەى ناوى چەند بەرپرسێکى باڵاى ئەمنیى زڕاندووە. وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەڵێت، لیژنەى لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو پرسە پێکدەهێندرێت.
ژنەکە ناوى لەمیا حەسەنە و بانگەشەى ئەوە دەکات، چووەتە بنکەى پۆلیسی زەعفەرانیەى بەغدا تاوەکو سکاڵا تۆمار بکات دژى هێرشکردنە سەر ماڵەکەى، بەڵام لەوێ بە تۆمەتى ئەوەى ناوى چەند بەرپرسێکى باڵاى ئەمنیى زڕاندووە، دەستگیر کراوە و پێیان راگەیاندووە کە فەرمانى دەستگیرکردنى هەیە.
بە گوتەى ئەو ژنە، دواى دەستگیرکردنى لە بەغدا، بۆ گرتووخانەى ژنان لە بنکەى پۆلیسی موسەننا گوێزراوەتەوە، لەوێ ئەشکەنجە دراوە، بۆ ماوەی 6 رۆژ لەو گرتووخانەیەدا ماوەتەوە و دواتر بە کەفالەت ئازاد کراوە.
لە دەرکەوتنى ئەو ژنەدا شوێنى لێدان بە رووخسارییەوە دیارە و هەردوو لاچاوى شین بوونەتەوە.
وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەڵێت، عەبدولئەمیر شممەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق فەرمانى پێکهێنانى لیژنەى لێکۆڵینەوەى لەسەر ئەو رووداوە داوە.
ئەو وەزارەتە ئاماژەى بەوەش داوە، پەرۆشن بۆئەوەى راستییەکانى ئەو پرسە و سەرجەم وردەکارییەکەى روون ببنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ