پەرلەمانی عێراق پێدانى پاسپۆرتى دیپلۆماسی بە وەزیرەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانى عێراق خوێندنەوەى دووەم بۆ هەموارى یاسای پاسپۆرت دەکات، کە یەکێک لەو مادانەى زیاد دەکرێت، پێدانى پاسپۆرتى دیپلۆماسییە بە بەڕێوەبەرانى 18 پۆست، کە چەندین پۆستى باڵاى هەرێمى کوردستانى تێدایە.
 
خوێندنەوەى دووەمى ئەو هەموارە لە خشتەى کۆبوونەوەى 20ى تەممووزى پەرلەمانى عێراقدایە، وەکو قۆناخى پێش دەنگدان لەسەرى.
 
بەگوێرەى هەموارەکە، لەنێو ئەو 18 پۆستەدا کە پاسپۆرتى دیپلۆماسییان پێ دەدرێت، هەریەک لە سەرۆکى هەرێمى کوردستان و جێگرەکانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و جێگرەکەی، وەزیرەکانى حکومەت و ئەوانەی پلەى وەزیریان هەیە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە.
 
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "پێشتر ئەو پاسپۆرتە دیپلۆماسییانە بە رێنوێنیی وەزارەتى دەرەوە دەدران. لە یاساى پێشوودا بەو وردەکارییەوە ناوى ئەوانە نەهێندراوە کە ئەو جۆرە پاسپۆرتە وەردەگرن."
 
ئەو پۆستانەى دیکە کە بەڕێوەبەرانیان و خێزانەکانیان پاسپۆرتى دیپلۆماسی وەردەگرن بریتین لە سەرۆککۆمار، جێگرانى سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیرانى عێراق و جێگرەکانى، ئەندامانى پەرلەمانى عێراق و سەرۆک و جێگرانى سەرۆکى پەرلەمان، ئەمیندارى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیران و سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیی کۆمار، سەرۆکى دیوانى پەرلەمانی عێراق، راوێژکارانى سەرۆکایەتیی کۆمار و حکومەت و پەرلەمان، فەرمانبەرانى کەرتى دیپلۆماسیی عێراق.
 
سەگڤان سندى دەڵێت، لە کۆبوونەوەى 20ى تەممووزدا گفتوگۆ لەسەر ئەو هەموارە دەکرێت، بەر لەوەى لە قۆناخى سێەم دەنگى لەسەر بدرێت.
 
بەگوێرەى ئەو هەموارە، هەریەک لە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانانى هەرێمى کوردستان کە لە دواى 9ى نیسانى 2003 ئەو پۆستانەیان وەرگرتووە و خانەنشین بوون، لەگەڵ هاوژینەکانیان پاسپۆرتە دیپلۆماسیەکانیان لا دەمینێتەوە، هەروەها ئەو منداڵانەشیان کە لەگەڵ ئەوان دەمێننەوە و ئەو جۆرە پاسپۆرتەیان نییە، پێیان دەدرێت.
 
پاسپۆرتى دیپلۆماسی بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆى بەرپرسانی باڵایە لە گەشتەکانیان بۆ دەرەوەى وڵات وەک نەریتی دیپلۆماسیی نێوان وڵاتان.
 
بڕگەیەکى دیکەى هەموارەکە ئەوەیە دەسەڵات بە وەزیرى دەرەوە دراوە پاسپۆرتى دیپلۆماسی بداتە ئەو کەسانەى سرووشتى کارەکەیان یان بەرژەوەندیی گشتى ئەوە دەخوازێت.