ئومێد سەباح: داوامان لە بەغدا کردووە تاوەکو پێنجشەممە مووچەی فەرمانبەران بنێرێت

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سێ گرووپ دروستکراون بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی دارایی، نەوت و پلاندانان لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و سبەی گرووپەکان کۆدەبنەوە. لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش گوتی، "عێراق بە تورکیای راگەیاندووە، ئەگەر هەناردەی نەوت لە بەندەری جەیهانەوە دەستپێنەکاتەوە، بیر لە دەرچەی دیکە دەکاتەوە".
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 17-07-2023  ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە قسەی بۆ هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو کرد و گوتی: "ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی حکومەتی عێراق کۆبوونەوە و لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن، شاندی هەرێمی کوردستان ئامانجییەتی لە 48 کاژێری داهاتوودا پارەی مووچە بنێردرێت و هەروەها سبەی لەگەڵ سۆمۆ، وەزارەتی ناوخۆ و چاودێری دارایی عێراق کۆدەبنەوە".
 
لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، ئومێد سەباح گوتی: "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆمان زۆر باشبوو، لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرا، نووسینگەی سەرۆکوەزیران، ئەمیندارێتی گشتی، وەزارەتی نەوت، وەزارەتی دارایی، چاودێریی دارایی و وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون".
 
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، "لەسەر هەیکەلییەتی کارکردن رێککەوتووین و چەند گرووپێکی کارکردنمان دروستکردووە، گرووپێکیان بۆ بواری داراییە و سبەی کۆدەبنەوە، دواتر گرووپی دووەم کە سۆمۆیە، لەسەر نەوت کۆدەبنەوە، گرووپێکی دیکەمان هەیە لەسەر پرۆژەی وەبەرهێنان، پترۆدۆلار و پەرەپێدانی پارێزگاکان و ئەمانیش لە وەزارەتی پلاندانان کۆدەبنەوە، واتە سبەی کاژێر 10:00 سێ کۆبوونەوەی گرنگ لەسەر دارایی، نەوت و پلاندانان دەبێت، رەنگە کاژێر 2:00ی دوای نیوەڕۆش لەبارەی بانکی بازرگانیی عێراق TBI کۆببینەوە".
 
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی حکومەتی عێراق، دابینکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان بووە، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە گوتی: "یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەمڕۆمان ئەوەبووە کە نابێت مووچەی مانگی شەش داخیلی هیچ کێشەیەک بکرێت، چونکە لە هەموو عێراق مووچەی مانگی شەش دابەشکراوە و تەنیا هەرێمی کوردستان ماوە، ئێمە داوامان کردووە لە رۆژی پێنجشەممە تێنەپەڕێت، بەڵام ئەوان گوتیان، ئێمە ئەو بابەتە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوتوێ دەکەین و وەڵامتان دەدەینەوە، ئومێدەوارین تاوەکو پێنجشەممە ئەنجامی هەبێت. لەبەرئەوەی لە کۆتایی مانگی حوزەیران بودجە پەسندکراوە، دەبێ مووچەی ئەو مانگە بنێرن و لە مانگی تەمووز بەدواوە، دەبێ کۆی پشکی بودجەی گشتیی بۆمان بنێرن. ئێمە جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە و گوتیشمان لە 5ی مانگەوە نووسراوی فەرمیمان کردووە و وەڵاممان نەدراوەتەوە".
 
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش، کە لە 25ی ئاداری 2023ەوە بۆ بەندەری جەیهان راگیراوە. ئومێد سەباح گوتی: "لەبارەی نەوتەوە، لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردە گفتوگۆمان کرد، لەگەڵ لایەنی تورکیش گفتوگۆ کراوە و بەردەوامە، سبەی گفتوگۆی زیاتر لەبارەی چۆنییەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەکرێت. هەروەها گفتوگۆمان لەبارەی ئەگەری دەستپێنەکردنەوەی هەناردە کرد کە چۆن مامەڵە نەوت بکرێت، هەروەها سبەی تێچووی دەرهێنان و هەناردەی نەوت یەکلایی دەکرێتەوە. لە کۆبوونەوەی پێش جەژن، عێراق بە تورکیای گوتبوو، ئەگەر تورکیا رێگەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق نەکاتەوە، عێراق بیر لە دەرچەی دیکە دەکاتەوە (لە رێگەی سووریاوە)، لە یاسای بودجەش نووسراوە، هەناردەکردنی نەوت لە بەندەری جەیهان یان هەر رێگەیەکی دیکە کە عێراق خۆی پێی باشبێت. کەواتە بەپێی یاسای بودجە رێگەی دیکە هەیە بۆ هەناردەی نەوت، بەڵام  دەتوانرێت ئەمە بکرێت یان نا، نازانین".